ئا/ رۆژان قیاس
لە بەڕێوەبەرایەتی كاروراهێنانی پیشەیی سۆران، ساڵانە چەندین خولی راهێنانی دەكرێنەوە، خولێكی دروومانی بۆ چەند ئافرەتێكی سۆران كرایەوە.
ئەختیار حاجی سەعید، بەڕێوەبەری كاروراهێنانی پیشەیی سۆران، لەم بارەیەوە گوتی:” ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی كار و راهێنانی پیشەیی سۆران ساڵانە چەندین خولی راهێنانی جیاواز بۆ هاووڵاتییان دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو بوارانەی حەزیان لێیە ببنە كادیری پیشەیی، زیاتر خولی كۆمپیوتەر و درومان بۆ ئافرەتان و پیاوان دەكرێنەوە، ئەم ماوەیە هەڵساین بە كردنەوەی خولێكی دروومان بۆ 12 ئافرەتی سۆران، ئەمە ٢٨ـەمین خولی دروومانە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەكرێتەوە، مەبەست لە كردنەوەی ئەو خولانە بۆ پێگەیاندنی كادیری پیشەییە لە بوارە جیا جیاكان، بۆ ئەوەی بتوان ببنە خاوەن كاری خۆیان و لە بازاڕی كاردا جێپەنجەی خۆیان دروست بكەن.
بەڕێوەبەری كارو راهێنانی پیشەیی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو” ئەم خولانە لەسەر دەستی مامۆستای پسپۆڕی بوارەكان بەڕێوەدەچن و لە كۆتایی خولەكە بەشداربووان بڕوانامەیان پێ دەدرێت، ئەم خولە لەسەر بودجەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجام دراوە و كۆتا خولە لەم ساڵە ئەنجام دەدرێت”.
شلێر موسا، یەكێك لەو ئافرەتانەی بەشداربووی خولی دروومانە، بەم جۆرە باسی ئەم خولە دەكات” كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بە راستی سوودێكی زۆر باشیان هەیە بۆ ئێمەی ئافرەت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هونەری دروومانی شارەزایی پەیا بكەین و دواتر دەتوانین لە ماڵەوە كاری خەیاتی بكەین و ببێت بە سەرچاوەیەكی داهات بۆمان، هەرچەند من خۆم خەیاتم و چەندین ساڵە كاری بەرگ دووری دەكەم، بەڵام لەم خولەدا سوودێكی زۆر باشم لێی بینیوە و چەندەها تەكنینی نوێی دروومانی فیر بووم كە پێشتر نەم دەزانی، ئێستا دەتوانم جلی مۆدە و جلی كوردی بە شێوەیەكی زۆر باش بدوورم، هیوادارم ئەم جۆرە خولانە زیاتر پەرەی پێ بدرێن، سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی كار و راهێنانی پیشەیی سۆران دەكەم كە ئەم خولەیان بۆ ئێمە كردەوە”.