مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـى ئابی 2026 بڵاوی كردەوە شەوی چوارشەممە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت 37 ەمین كۆبوونەوەی خولیی خۆی لە كۆشكی حكومەت بە ئامادەبوونی سەرۆككۆمار، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرەڕای تاوتوێی تەواوی ڕەوشی سیاسی، ئاسایش، ئابووری، خزمەتگوزاری لە وڵاتدا و پێشهاتەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر عێراق كرا، دوایین هۆشداری درایە میلیشیا شیعەكان كە ئەگەر تا كۆتایی مانگی داهاتوو چەك ڕادەستی حكومەت نەكەن، ئەوە بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
لە بەشێكی ڕاگەیاندراوی هاوپەیمانیەتیەكە هاتووە “هەر كەسێك چەك لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت بەكار بهێنێت یان هەوڵی پێكهێنانی گرووپی چەكداری بدات، تاوانی هەڕەشەكردن لە ئاسایشی وڵات ئەنجام دەدات و ئەو كەسانە بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێن و پێویستە ڕووبەڕوویان ببنەوە، چونكە دەستوور بەكارهێنانی چەك لە دەرەوەی هێزە فەرمییەكان قەدەغە دەكات.”
ڕاگەیەندراوەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە “لە كاتێكدا ئامادەبووان ئیدانەی ئەو دەستدرێژییانەیان كرد كە كرانە سەر یەكەكان لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و بوونە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك لە كارمەندانیان، داوایان كرد پابەندبوون بە وادەكانی هەنگاوەكانی كورتكردنەوەی چەك دوای 30ـى ئەیلوولی 2026 بكرێت، كە دوای ئەو ڕێكەوتە بە یاسای دژەتیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر ڕەفتارێكی چەكدارانەی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەكرێت.”

































































