مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دەدات لەوەی كە هێشتا ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئۆگوڵجێرین نیازبێردیێڤا، بەڕێوەبەری نووسینگەی كاربەڕێكەری جێگری سكرتێری گشتیی نووسینگەی دژەتیرۆری نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارێكی دا كە دوێنێ چوارشەممە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشكەشی كرد ڕۆشنایی خستە سەر ئەو هەوڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەیدات بۆ پشتیوانیكردنی وڵاتانی ئەندام لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و ڕاگەیاند “داعش تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی .”
جەختی لەوەش كردەوە “كە ڕێكخراوەكە سەرەڕای گوشارە بەردەوامەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی دژەتیرۆر كە سەركردایەتییە باڵاكەی پەكخستووە و توانای بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكانی بە شێوەیەكی ناوەندی كەم كردووەتەوە، بەڵام هێشتا توانای بەرگەگرتن و خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا هەیە.”

































































