خۆر بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکان دادەنرێت کە چەندین سوودی گرنگی ھەیە بۆ لەش، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە باشترین کات هەڵبژێردرێت کە تیشکی خۆر تیایدا سوودبەخش و تەندروستە بۆ لەش، هەروەها زیادەڕەوی نەکرێت لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی درێژ، و گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:
ڤیتامین دی
تیشکی خۆر هەڵمژینی ڤیتامین D لە لەش زیاد دەکات کە بۆ ئێسک و خانەکانی خوێن و سیستەمی بەرگری زۆر گرنگە، ھەروەھا یارمەتی هەڵمژین و بەکارهێنانی هەندێک کانزا دەدات، وەک کالسیۆم و فۆسفۆر.
خەوتن
چاو پێویستی بە ڕووناکی هەیە بۆ یارمەتیدانی لە ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ، بە تایبەتی تیشکی خۆر لە بەیانی زوودا یارمەتی مرۆڤ دەدات لە شەودا بخەوێت، ئەمەش بە تێپەڕبوونی تەمەن گرنگتر دەبێت، چونکە توانای چاو بۆ هەڵمژینی ڕووناکی کەمتر دەبێتەوە و لە ئەنجامدا کێشەکانی خەوتن زیاد دەکات.
کێش دابەزاندن
چوونە دەرەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە نێوان کاتژمێر ٨ی بەیانی تا نیوەڕۆ پەیوەندیەکی گرنگی ھەیە بە دابەزاندنی کێشەوە، چونکە زانایان لەو باوەڕەدان کە تیشکی خۆر ڕەنگە خانە چەورییەکانی ژێر ڕووی پێست بچووک بکاتەوە، ھەروەھا تیشکی خۆر بە مانای ئەنجامدانی وەرزشکردنی زیاتریش دێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەشێت هۆکاری گرنگی تر هەبێت بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام وادیارە پەیوەندییەکی بەھێز هەیە لە نێوان دابەزندنی کێش و تیشکی خۆر لە بەیانی زوودا.
تەندروستی دەروونی
تیشکی خۆر یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ماددەیەکی کیمیایی لە مێشکدا کە پێی دەوترێت سیرۆتۆنین، کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی ناسراوە، ئەم ھۆڕمۆنە بەرپرسە لە هەستکردنی مرۆڤ بە وزە و قبوڵکردنی خۆی، ھەروەھا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئارامی و تەرکیز و ئەرێنی بوون، بەو پێیەی ھەندێک جار پزیشکەکان بە بەکارھێنانی تیشکی سروشتی یان دەستکرد چارەسەری تێکچوونی سۆزداری وەرزی خەڵک دەکەن لەگەڵ چارەسەری جۆرەکانی تری خەمۆکی کە پەیوەندییان بە ئاستی کەمی سیرۆتۆنینەوە هەیە.
پێست
بڕێکی کەمی بەردەوامی تیشکی سەروو بنەوشەیی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەندێک حاڵەتی پێست وەک ئەکزیما، سەدەف و ڤیتیلیگۆ(نەخۆشیەکی پێستە پەڵەکی سپی لەسەر پێست پەیدا دەبێت)، بەڵام توێژەران له و بڕوایەدان که سێ جۆری سه رەکی شێرپەنجەی پێست وەک – میلانۆما، شێرپەنجەی خانە بنچینەییەکان و شێرپەنجەی خانە سکواموس – زۆرجار بەهۆی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە بەر خۆر دەردەکەون، بۆیە زۆر گرنگە دژەخۆر بەکار بهێنیت ئەگەر زیاتر لە 15 خولەک لە دەرەوە بمێنیتەوە.

































































