شەهلا سۆفی-زاری كرمانجی:
قەستەرەی دڵ بریتیە لە زنجیرە هەنگاوێک لەسەر دڵ، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی تیشکی سینی X- Ray بۆ بینینی موولوولەی خوێنی دڵ و ناوپۆشی دڵ، زۆرترین قەستەرەی دڵ بریتیە لە ڕەنگکردن و نیشاندانی بۆریەکانی خوێنی دڵ بۆ زانینی تەسکبوونەوە یان مەیینی خوێن.
دكتۆر عادل حوسین پزیشكی گشتی دهڵێت: قەستەرە سوودی هەیە بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی ئەم حاڵەتانە: دەستنیشانكردنی شوێنی گیران یان تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن، وەرگرتنی سهمپڵی شانەیی Biopsy لە ناوپۆشی دڵ، پێوانەكردنی پەستان و ئاستی ئۆكسجین لەناو دڵ و سییەكاندا، دەستنیشانكردنی گرفت یان كەموكوڕی لە خودی دڵ و زمانەكانی دڵدا، بەكارهێنانی بالۆن بۆ كردنەوەی خوێنبەری گیراو، دانانی (دەعامە Stent) بۆ هێشتنەوەی خوێنبەر بە كراوەیی، داخستنی هەر كونێك لە دڵدا، دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی سەقەتی زگماكی دڵ، گۆڕین یان چاككردنەوەی زمانەكانی دڵ. قەستەرە بەگشتی 30-60 خولەك دەخایەنێت و بە دەگمەن دەبێتە هۆی ئاڵۆزی مەترسیدار كە بریتین لە: خوێنبەربوون، سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ یان جەلتەی مێشك، تێكدانی ئەو خوێنبەرەی كە كاسیتەرەكەی گەیشتۆتە ناوی، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، پەیدابوونی هەستەوەری بەرانبەر بە بۆیەی بەكارهاتوو، گرفت لە گورچیلەكان، هەوكردن، پەیدابوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو Blood clot، دڕانی شانەكانی دڵ یان خوێنبەر.

































































