ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، جارێکی دیکە داوای ئازاد کردن و مافی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دووپاتکردەوە، هاوکات داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی کرد.
بەپێی ماڵپەڕی : turkiyetoday باخچەلی ئەم لێدوانەی دوای واژۆکردنی پڕۆژە یاسای چوارچێوەی پێشنیارکراوی پەیوەست بەو دەستپێشخەرییە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە یاساکە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی.
بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی کە میدیاکانی تورکیا ئەنجامی داوە، وتی: “بەم واژۆیە، برایەتی هەزار ساڵەی ئێمە جارێکی دیکە دووپاتکرایەوە، تورک و کورد و هەمووان بەبێ گوێدانە زمان و ناسنامە، بران و 86 ملیۆن هاوڵاتیمان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. لە هەمان کاتدا هەنگاوی یەکەم بۆ پەکخستنی پڕۆژە جیهانییەکان نراوە”.

































































