نووسینی: هەژار شاکر
لێدوانەکانی ئەمڕۆی سەلام کەریم خان برادۆستی (میری برادۆست) لێدوانێکی ڕاگەیاندنی ئاسایی و نیە، بەڵکو دەربڕینی هەڵوێستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵە کە وەک بوومەلەرزەیەک هاوسەنگی هێزی لە دەڤەری برادۆست و سۆران هەژاند. ئەم قسانە کۆتاییان بە هاوپەیمانییەکە هێنا کە نزیکەی نیو سەدەی خایاندبوو لە نێوان بنەماڵەی کەریم خان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا.
قسەکانی کاک سەلام تێڕوانینێکی بێپەردە، ڕاشکاو و زۆر واقیعیانە لەسەر پەیوەندی نەریتی حیزب و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان خستە ڕوو.
لەکاتێکدا بەشێکی زۆری حیزبە سیاسییەکان تەنیا لە وەرزەکانی گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردندا جەماوەر و بنەماڵە دیارەکانیان بەبیر دێتەوە، سەلام کەریم خان پەنجەی لەسەر ئەم برینە کوشندەیە دانا، کاک سەلام بە ڕوونی خستیە ڕوو کە بەرپرسانی حیزبی تەنیا کاتی کۆکردنەوەی دەنگ دەردەکەون، بەڵام دوای دەنگدان، مۆبایلەکانیان دادەخەن و لە ئاست داواکارییەکانی خەڵک بێدەنگ دەبن.
کاتێک بەرپرسان ئاوڕ لە خەڵک نادەنەوە، جەماوەری دەڤەرەکە ڕوو لە ماڵی میری برادۆست دەکەن. بۆ بنەماڵەیەکی خاوەن نفووز، بێدەسەڵاتی لە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک لە ڕێگەی حیزبەکەیانەوە، دەبێتە هۆی زیانگەیشتن بە ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان.
ئەم ڕەهەندە دەیسەلمێنێت کە بڕیاری وازهێنانەکە بڕیارێکی سەرپێیی یان شەخسی نیە، بەڵکو لە ئاکامی فشارێکی بەردەوامی جەماوەرییە کە چیتر ڕێگە نادات ناو و ناوبانگی خێزانەکە لەپێناو حیزبێکدا دەستبەسەر بێت کە وەڵامدەرەوەی خەڵکەکەی نیە.
لەنێو کایەی سیاسیی باشووردا، هەمیشە دەنگۆی ئەوە دەکرێت کاتێک جەمسەرێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی لە حیزبێک جیا دەبێتەوە، لەلایەن حیزبی ڕکابەرەوە (کڕدراوە) یان مامەڵەی لەگەڵ کراوە. لێدوانەکەی سەلام کەریم خان ئاراستەیەکی تهواو جیاوازی وەرگرت.
بێئاگابوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم بڕیارە وەک ئەوەی کاک سەلام جەختی لەسەر کردەوە پەیامێکی سیاسی زۆر بڵندە، ئەو دەیەوێت بڵێت: (ئێمە کالا نین تا مامەڵەمان پێوە بکرێت، ڕۆیشتنمان لە یەکێتی لەبەر بەڵێنی پارتی یان حیزبێکی تر نەبووە، بەڵکو بەرهەمی بێئومێدبوونی ڕاستەقینەی خۆمانە). ئەم ڕوونکردنەوەیە پێگەی بنەماڵەکە لە هەموو لایەنەکان بە سەربەخۆیی دەهێڵێتەوە. ئەوان پیشانیان دا کە خۆیان بڕیاردەری چارەنووسی خۆیانن و ناکرێنە کارتی هیچ یارییەکی ژێربەژێری حیزبی.
توندترین و مانادارترین دەستەواژە لە لێدوانەکەی میری برادۆستدا، ئەو ڕستەیە بوو کە گوتی: (دەبێت یەکێتی مەمنوونی من بێت کاریان لەگەڵ بکەم). ئەم ئاخاوتنە ڕەهەندێکی سایکۆلۆجی و سیاسی جەوهەری لەخۆ دەگرێت: لە هاوپەیمانییە نەریتییەکاندا، حیزبەکان زۆرجار وەک (پاشکۆ) مامەڵە لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن. کاک سەلام ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە و وەبیری سەرکردایەتی حیزبەکەی هێنایەوە کە ئەم بنەماڵەیەیە قورسایی و دەنگی بۆ حیزب دروست کردووە، نەک بەپێچەوانەوە. ئەمە دەربرینی ململانێیەکی قووڵی (شکۆ و ڕێزلێنانە) لە نێوان حیزبی باڵادەست و ناوچەیەکی خاوەن مێژوودا.

































































