ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان بە فەرمی دەستیپێکردووە و دەنگدەران دەتوانن بۆ گۆڕینی بنکەی دەنگدانی خۆیان سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ڕوونی کردەوە کە گواستنەوەی بنکەی دەنگدان تەنها لە چوارچێوەی هەمان پارێزگا جێبەجێ دەکرێت و ڕێگە بە گواستنەوەی بنکە لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە نادرێت. بەپێی وتەی ئەو، ئەم پرۆسەیە تا یەک مانگ پێش ڕۆژی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. هەروەها ناوەندەکانی کۆمسیۆن ڕۆژانە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا 3ی دوای نیوەڕۆ خزمەتگوزاری پێشکەش بە دەنگدەران دەکەن.
سەبارەت بە مەرجەکان، دەنگدەر دەبێت کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانی و زانیاریی پێویست لەگەڵ خۆی بهێنێت، پاشان کۆمسیۆن ڕێکارە یاساییەکانی گواستنەوە تەواو دەکات. لە بارەی تۆمارکردنی دەنگدەری نوێش، نەبەرد عومەر ئاماژەی کرد کە پرۆسەی تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2008 نزیکەی چوار مانگە دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری بکەن.
لە هەمان کاتدا، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە پرۆسەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان تەنها پێش ڕۆژی هەڵبژاردن بەردەستە و لە ڕۆژی هەڵبژاردندا هیچ داواکارییەک لەم بارەیەوە وەرناگیرێت. هەروەها دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە لەدایکبووانی ساڵی 2008 دەتوانن دوای تۆمارکردن، مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەکاربهێنن.

































































