ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری، تیمی پزیشکی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی بەپەلە توانییان ژیانی خانمێکی 20 ساڵەی دووگیان لە مردن ڕزگار بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی ئافرەتەکە لە یەکەم دووگیانیدا تووشی تەقینی کیسێکی گەورەی هێلکەدان بووبوو.
د. ڕۆز عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری، ڕایگەیاند، خانمێکی گەنجی دووگیان کە لە تەمەنی 20 ساڵیدا بووە و یەکەم دووگیانی بووە، بەهۆی ئازارێکی زۆر تووندی سکەوە گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.
بەگوتەی د. ڕۆز، دوای ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان، دەرکەوت خانمەکە کیسێکی گەورەی هێلکەدانی هەیە کە قەبارەکەی لەنێوان 7 بۆ 8 سانتیمەتردا بوو. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخەکە مەترسییەکی جدی بۆ سەر ژیانی دایک و تەندروستی کۆرپەلەکە دروست کردبوو، بۆیە تیمی پزیشکی بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بەپەلەی منداڵبوونی دا. ئەو زیاتر ڕوونی کردەوە کە لە کاتی نەشتەرگەریدا و کاتێک سکی خانمەکە کرایەوە بۆ دەرهێنانی کۆرپەلە، پزیشکان ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراو بوونەوە؛ چونکە دەرکەوت کیسەکە پێشتر تەقیوە. دوای پشکنین و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، دەرکەوت ئەو کیسە لە جۆری «کیسی چۆکلێتی»ی هێلکەدان بوو.
بەپێی ناوەندی پزیشکی کلیڤلاند، کیسی چوکلێتی هێلکەدان جۆرێکە لە کیسی هێلکەدان کە پڕە لە خوێنی کۆن و شلەی کۆبووەوە، بۆیە ناوەڕۆکی ڕەنگێکی قاوەیی تۆخ یان وەک چوکلێتی تواو هەیە. ئەم دۆخە زۆرجار پەیوەندی بە نەخۆشی ئێندۆمێتریۆسیسەوە هەیە و دەکرێت ببێتە هۆی ئەستووربوونی نێوپۆشی منداڵدان و کاریگەری لەسەر توانای بوون بە دایک دابنێت. هەرچەندە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەم کیسە هێشتا بە تەواوی دیار نییە، بەڵام بۆماوەیی، ناڕێکی هۆرمۆنەکان و هەندێک نەخۆشی خۆبەرگری، لە هۆکارەکانی زیادکردنی ئەگەری تووشبوون دادەنرێن.
نیشانەکان:
ئازار لە کاتی پەیوەندی سێکسی.
ئازاری توند لە کاتی سووڕی مانگانە.
میزەچرکێ.
ڕشانەوە و هێڵنجدان.
ئاوسانی سک.
پشتئێشە.
کێ زیاتر ئەگەری تووشبوونی هەیە؟
١-ئەوانەی لە مێژووی خێزانیدا کەسێکیان تووشی کیسی هێلکەدان بووە.
٢-ئەوانەی سووڕی مانگانەیان لە تەمەنی ١١ ساڵ یان زووتر دەست پێ کردووە.
٣-ئەوانەی ماوەی سووڕی مانگانەیان کەمتر لە ٢٧ ڕۆژە و خوێنبەربوونیان زیاتر لە حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
٤-ئەوانەی کێشەی سکماکی، جۆگەی فالووپ یان منداڵدانیان هەیە.
































































