(2 ـ 3)
مافناس / سەنار شێرۆكی
ڕێكخراوی TDBB تەنیا ناوەندێكی ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونی شارەوانییەكان نییە، بەڵكو ئامرازێكی دیاری «هێزی نەرم (Soft Power)»ی توركیایە. ئەم ڕێكخراوە لە ئەدەبیاتی زانستی و فەرمیی خۆیدا، سەرجەم ئەو شارانەی خاوەنی كەلەپووری عوسمانی یان كەمینەی توركمانین بە «بەشێك لە جوگرافیای كلتووریی جیهانی تورك» دادەنێت. بەستنەوەی كەركووك بەم تۆڕەوە، هەنگاوێكی مەترسیدارە بەرەو سەپاندنی تێڕوانینێك كە شارەكە بە هەڵوێستێكی نەتەوەییی توركییەوە دەبەستێتەوە.
مەترسیی سەرەكیی ئەم ئەندامبوونە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە TDBB كار لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای كلتووری و شارسازی دەكات. لە ڕێگەی نۆژەنكردنەوەی ئاڕاستەكراوی تەنیا ئەو شوێنەوار و گەڕەكانەی كە پاشماوەی عوسمانین و پشتگوێخستنی مێژووی دەوڵەمەندی كورد لە شارەكەدا، ناسنامەی مێژوویی و جوگرافیی كەركووك تووشی تەڵخبوون دەكرێت. ئەم جۆرە پڕۆژانە بە هێواشی بنەماكانی ناسنامەی كوردستانیبوون بۆ ئەو ناوچانە دەسڕنەوە و هەوڵ دەدەن مۆڵقێكی ناڕاستەقینەی نەتەوەیی یان ئیقلیمیی پێ ببەخشن.
پێویستە لایەنە ئەكادیمی و یاسایییەكان بەئاگا بن لەوەی كە گۆڕینی دیموگرافیا تەنیا بە ڕاگوێستن ناكرێت، بەڵكو كاڵكردنەوەی مێژووی نەتەوەیەك لە ڕێگەی داڕشتنەوەی كلتووریی شارەكانەوە، مەترسیدارترین شێوازی قڕكردنی ناسنامەیە كە لە ئێستادا پیادە دەكرێت.

































































