زاری كرمانجی :
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، هەموو فەرمانبەران كە خانەنشین دەبن پاداشت دەكرێن، بەڵام ئەو پاداشتە هێزی پێشمەرگە ناگرێتەوە، بۆیە لە هەوڵداین و لەسەر خەتین لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی كە پاداشتەكە هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە، كە مافی خۆیانە وەكوو فەرمانبەران وەریبگرن .
ڕیڤینگ هروری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ”هەر فەرمانبەرێك كە خانەنشین دەبێت بەهۆی ئەوەی لە كاتی دەوام بەشێك لە پارەكەی دەگەڕێندرێتەوە و كاتی خانەنشینبوون وەكوو پاداشت شەش مووچەیان بە سەریەكەوە پێ دەدرێت، بەڵام هێزی پێشمەرگە سەرەڕای ئەوەی پارەكەیان لێ دەگێڕدرێتەوە لە مووچە مانگانە، كەچی لە كاتی خانەنشین بوون بێبەشن لەو پاداشتە، بۆیە ئێمە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و داراییمان كردووە و لەگەڵیان كۆ بووینەتەوە كە مافی پێشمەرگەیە كاتێك خانەنشین دەبن بۆ ئەوەی ئەو پاداشتە وەربگرن.”
ڕیڤینگ هروری گوتیشی:” مادام پارە لە مووچەی مانگانەیان دەبڕن، هەرچەندە پارەیەكی كەمیشە، بەڵام پێویستە لە كاتی خانەنشینبوون پێیان بدرێتەوە، كە دەخرێتە سندووقێكەوە، بۆیە بڕیارە هاوشێوەی فەرمانبەران ئەو پاداشتە بدرێتە هێزی پێشمەرگەش، ئەوانیش باسیان لەوە دەكرد بودجەیەك دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێكی بۆ ئەو مەبەستەیە، بەڵام پێویستە بێتە ڕێكخستن و پاداشتەكەیان پێ بدرێت و داكۆكی دەكەین كە ئەو پارەیان پێ بدرێت و پارەكەیان پێ بدرێت، چونكە مافی ئەوانە، بۆیە ئێستا لە هەوڵداین كە ئەو پرسە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و داراییدا یەكلایی بكرێتەوە و پاداشتەكە هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە.”