ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
سێ هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە ناوەکانی ئەحمەد نەبەز، کۆسار جەلال و خەیری ئادەم، بڕیارە لە خولی ٢٧ـەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی شێوەکاری، کە بە ناونیشانی «ڕەنگەکانی مالۆپۆلسکا» لە شاری مێخۆفی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، بەشداری بکەن.
ئەحمەد نەبەز، یەکێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان ڕاگەیاند، “ئەم پێشانگەیە ٢٨ هونەرمەندی شێوەکار لە شەش وڵاتی جیاواز کۆدەکاتەوە، بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون، پێشخستنی داهێنان و پتەوکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان.
بە وتەی ئەو، هونەرمەندانی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە کرواتیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا، هەر یەکەیان بە شێواز و زمانێکی هونەری تایبەت، دیمەن و کولتووری خۆیان لەسەر کانڤاس دەخەنەڕوو.
نەبەز ئاماژەی بەوەدا کە بەشداری لەم پێشانگەیە بۆی تەنها بەشداریکردن لە چالاکییەکی هونەری نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هونەری کوردستان و کولتووری کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها بۆ دروستکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هونەرمەندانی وڵاتە جیاوازەکان.
ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە ماوەی دوو هەفتەی پێشانگەکە، شاری مێخۆف و ناوچەکانی دەوروبەری دەبنە شوێنی کارکردنی هاوبەشی هونەرمەندان، کە تێیدا لە دیمەنە سروشتی و شوێنە مێژووییەکان ئیلهام وەردەگرن و ئەزموونەکانیان دەگوازنەوە بۆ سەر تابلۆکان.
بەپێی بەرنامەی ڕێکخراو، لە کۆتایی چالاکییەکەدا پێشانگایەکی هاوبەش بۆ پیشاندانی بەرهەمە تازەکانی هەموو بەشداربووان ساز دەکرێت، تاکو خەڵکی پۆڵەندا و میوانانی دەرەوە لە نزیکەوە ئاشنا ببن بە کار و داهێنانی هونەرمەندانی بەشداربوو.
خولی ٢٧ـەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی شێوەکاری «ڕەنگەکانی مالۆپۆلسکا» ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٦، لە شاری مێخۆفی پۆڵەندا دەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

































































