زاری كرمانجی :
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكاندا، رایگەیاند كە دوایی 12 ساڵ هێشتا برینەكانیان ساڕێژ نەبوون و داوای لە حكومەتی عێراق كرد یاسای رزگاربووان جێبەجێ بكات و سندووقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال كارا بكات بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شكۆوە بگەڕێنەوە.
میری ئێزدییان، ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، لە رێوڕەسمی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكاندا گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند “ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر قڕكردنی میللەتی ئێزدی تێدەپەڕێت؛ 12 ساڵ كە پڕ بوو لە نەخۆشی، خەم و بێئومێدی.”
دەشڵێت “زیندووكردنەوەی ئەم یادە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێگەی شانازییە و وەفادارییەكی گەورەیە بۆ شەهیدانی ئێزدی و تەواوی كوردستان.”
میری ئێزدییان گوتیشی “تاوەكو ئێستا 270 هەزار ئێزدی ئاوارەن و 2500 ئافرەتی ئێزدی لەدەستی داعشدا ماون، جگە لەوەی زۆرێك لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان هێشتا نەكراونەتەوە.” راشیگەیاند كە رێكخراوی تێرۆریستی داعش لە سەدەی 21دا دەیویست مێژووی چوار هەزار ساڵەی میللەتی ئێزدی بە شەو و رۆژێك لەناو ببات، بەڵام بە ویستی خودا و خۆڕاگریی گەلەكەمان ئەو پلانانە سەركەوتوو نەبوون.”
داوای لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەنە لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی شنگال، چونكە سەقامگیریی شنگال بۆ ئێزدییەكان و تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بایەخێكی ستراتیژی هەیە.
سەبارەت بە ناساندنی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستا 13 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەكاندا ناوە بەڵام تا ئێستا عێراق دانی پێدانەناوە. داواكارییەكانی میری ئێزدییان بۆ بەغدا بریتی بوون لە: “چارەسەركردنی دۆسیەی پەنابەران، بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی رفێندراوان، جێبەجێكردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، دانانی ئیدارەیەكی شەرعی لە شنگال و كاراكردنی سندووقی بووژاندنەوەی شنگال كە دوو ساڵە یاساكەی دەرچووە و كاری پێ نەكراوە.”
لە كۆتایی گوتارەكەیدا، میر حازم بەگ سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان، بەتایبەت خەڵكی دهۆك و زاخۆ. هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و گوتی” سەرۆك بارزانی مەرجەعی ئێمەیە” بۆ پشتگیرییە بەردەوامەكانی و رۆڵی لە رزگاركردنی شنگال. هاوكات سوپاسی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ هەوڵەكانی لە رزگاركردنی رفێندراوان، و دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانی بۆ ئافرەتانی رزگاربوو و پشتگیریكردنی سەنتەری رۆشنبیری لالش.


































































