زاری كرمانجی :
عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەكان لەلایەن رێكخراوی تێرۆریستی داعشەوە، رایگەیاند “پێویستە چارەنووسی رفێندراوەكان ئاشكرا بكرێت و ژینگەیەكی لەبار بۆ گەڕانەوەی شكۆمەندانەی ئاوارەكان دابین بكرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكردەوە و رایگەیاند “ئەو تاوانە یەكێك بوو لە دڕندانەترین ئەو تاوانانەی كە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەفاداری بۆ قوربانییان تەنیا لەرێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاشكراكردنی چارەنووسی رفێندراوەكان، بایەخدان بە رزگاربووان و ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال دەبێت، تاوەكو ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە و بە شكۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
زەیدی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە “ئەم یادە پڕ لە ئازارە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی چلەی ئیمام حوسێن، كە گوزارشت لە بەهاكانی دژایەتیكردنی زوڵم و سەركەوتنی حەق و ئاشتی دەكات.”
ستایشی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەكان و پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد لە تێكشكاندنی داعش گووتی “دەوڵەت وەك پارێزەری مافی هەموو هاووڵاتیان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەریی عێراق، مانەوەی چەك لە دەستی وڵات، وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتوودا بگیرێت.

































































