مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە لە ئەنجامی پێكدادانێكی چەكداریدا لە گوندی سنووریی (سیاناو)ـی سەر بە شاری مەریوان، یەكێك لە هێزەكانی ئەرتەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژرا و یەكێكی دیكەش بە سەختی بریندار بوو.
بە گوێڕەی راپۆرتەكەی هەنگاو “كاتژمێر ٣ـی بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 2ـی ئابی 2026، پێكدادانێكی چەكداری لە نێوان هێزەكانی یەكێك لە حیزبە كوردستانییەكان و سوپای ئێران لە نزیك بارەگایەكی سەربازیی لە گوندی سیاناوی مەریوان هاتووەتە ئاراوە.”
ئاماژە بەوەشكراوە كە لە ئەنجامی ئەم پێكدادانەدا، سەربازێكی ئێران بە ناوی ئەبولفەزل گودەرزی كوژراوە و یەكێكی دیكەش بە سەختی بریندار بووە.
هاوكات بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی تیپی ٣٢٨ـی مەریوان، ئەم بارەگا سنوورییە بە بەكارهێنانی درۆنی خۆكوژ و ئاڕ بی جی كراوەتە ئامانج.
































































