زاری كرمانجی-سۆران
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێورەسمێكی تایبەت بە دوازدەیەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزیدی و كۆمەڵكوژیی شنگال ڕایگەیاند: “دەبێت هەموومان پێکەوە کارێک بکەین ئەم تاوانە دووبارە نەبێتەوە؛ نە دژ بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان، نە دژ بە خوشک و برا کریستیانەکانمان، نە دژ بە خوشک و برا مسلمانەکانمان. تیرۆر نە دین دەناسێت، نە نەتەوە دەناسێت؛ تیرۆر دژی مرۆڤایەتییە. بۆیە هاوکاری و پشتیوانیی هەمووان پێویستە تا پێکەوە کار بکەین جارێکی تر تیرۆر لە عێراقدا سەرهەڵنەداتەوە. یەکێک لە ڕێگەکانی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی تیرۆر ئەوەیە دادپەروەری هەبێت، یەکسانی هەبێت، و ڕێز لە مافی هەموو ئاین و نەتەوەیەک بگیڕێت.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبین بە هاوکاریی هەموو دۆستەکانمان، و بە تایبەتی لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش، بۆ ئەوەی جارێکی تر توندوتیژی نەگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە. گەلەکەمان ماندوو بووە، ئێمە پێویستیمان بە ئارامییە، پێویستیمان بە پێشکەوتنە، پێویستیمان بەوەیە مناڵەکانمان دڵنیا بن لەوەی پاشەڕۆژێکی گەشتر چاوەڕێیان دەکات. نابێت ترس لە کوشتن و گرتن و ڕفاندن لە وڵاتەکەماندا بهێڵینەوە. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەین دەستی خۆیان بدەنە دەستمان بۆ ئەوەی هاوکار بن و کۆتایی بەم مەترسییە بهێنین، کۆتایی بەم تاوانانە بهێنین.
































































