ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵ، ڕۆژانە نزیکەی ٦ هەزار تۆن سەوزە و میوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەکات، چونکە بەرهەمی نێوخۆ زیاترە لە پێویستی بازاڕی هەرێم.
بەپێی زانیارییەکان، لە عەلوەی هەولێرەوە ڕۆژانە نێوان ٢ تا ٣ هەزار تۆن سەوزە و میوە هەناردە دەکرێت. هەروەها لە عەلوەی سلێمانی، کە بەشێکی بەرهەمەکەی لە هەڵەبجە دابین دەکرێت، ڕۆژانە نزیکەی ١٥٠٠ تۆن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەنێردرێت. لە پارێزگای دهۆکیش ڕۆژانە زیاتر لە ٢ هەزار تۆن سەوزە و میوە هەناردە دەکرێت. هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگیی کشتوکاڵی لە هەولێر، ڕۆژی دووشەممە (٣ی ئاب) ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا تەنها لە هەولێرەوە ڕۆژانە نزیکەی ٣٧٠٠ تۆن سەوزە و میوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق نێردراوە.
بەوتەی ئەو، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ هاوکاری جووتیاران و بازرگانان دەکەن بۆ ئەوەی کاتی گواستنەوەی بەرهەمەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق، هیچ کێشەیەک لەلایەن بازگەکانی حکومەتی عێراقەوە ڕوو نەدات. هەروەها ئاماژەی کرد لە مانگی تەمموزدا نزیکەی ١٢ هەزار پشتگیری بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ئەنجامدراوە. هۆشیار جەلیل هەروەها باسی لەوەش کرد، ئاستی هەناردەکردن لەم ڕۆژانەدا لە نێوان ٢ تا ٣ هەزار تۆنە و بەراورد بە مانگی پێشووتر کەمێک دابەزیوە.
لە نێو گرنگترین بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا پەتاتە و پیاز لە پێشەوەن، هەروەها تەماتە، خەیار، کاڵەک، کوولەکە، چەوەندەر، کەلەرم، ترۆزی، لۆبیا، شوتی، قۆخ، باینجان و سێویش بۆ بازاڕەکانی عێراق دەنێردرێن.
لە هەمان کاتدا، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا کە هەناردەکردنی سەوزە و میوە لە سلێمانییەوە بەردەوامە و ڕۆژانە نزیکەی ١٥٠٠ تۆن بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەنێردرێت.
لە دهۆکیش، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگا، ڕایگەیاند لە مانگی ڕابردوودا کۆی ٦٣ هەزار و ٦٢٤ تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی دهۆک بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە کراوە. بەپێی بەرپرسانی کشتوکاڵ، لەم وەرزەدا هەرێمی کوردستان زۆرینەی پێویستی نێوخۆی لە سەوزە و میوە دابین دەکات، بۆیە هاوردەکردنی زۆربەی ئەو بەرهەمانە قەدەغە کراوە یان باجی بەرزی لێ وەردەگیرێت.

































































