هونەر قیاس خلیل
قوتابی بەشی مێژوو، فاکەڵتی ئاداب
زۆرن ئەو کێشانەی کەوا ڕەهەندی سیاسی و نێو دەوڵەتیان هەیە، لە هەندێک کاتدا بوونەتە بەربەستێکی توندی سیاسی لە نێوان وڵاتانی زلهێزەوە، ئەم گرنگییە بەشێکی پەیوەندی بە لایەنی جیوسياسیەوە هەیە، یان بەشێکی پەیوەندی بە ڕەهەندی ئابوورییەوە هەیە، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٤- ١٩١٨) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین کێشەی جۆراوجۆری ستراتیژی لە نێوان وڵاتانی تازە دروستبوو و وڵاتانی زلهێز دروستبوون، کێشەی ویلایەتی مووسڵ بە یەکێک لە کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتی دادەنرێت، بەتایبەت لە قۆناخی ئێستا بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە جارێکی دیکە خۆی زیندوو دەکاتەوە، ئەم کێشەیە ڕەگێکی قۆڵی لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیادا هەیە، بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا و نهێنی چەندین جار ئەم بابەتەیان ورژاندووتەوە، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بە تەواوبوونی (١٠٠) ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەم ڕێککەوتنە جارێکی دیکە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نزیکە، بۆیە دەکرێت بپرسین چارەنووسی ئەم پارێزگایە بە کوێ دەکات ؟.
بەر لە هەموو شتێک بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندی کێشەکە پێویستە بە شێوەیەکی پوخت و کورت بگەڕێنەوە بۆ دواوە، ڕەگی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاکانی جەنگی یەکەمی جیهانی بە دیاریکراوی دوای ئاگربەستی مۆدۆرۆس(11ی تشرینی دووەم 1918)، بەریتانیا سوودی لە لاوازی دەوڵەتی عوسمانی وەرگرت و بەبێ شەڕ هاتە ناو ویلایەتی مووسڵ، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی بوونی تورکە لاوەکانی (کەمالییەکان)، بۆیە بەریتانیایان بە پێشەڵکردنی ئاگربەستی مۆدۆرۆس لە قەلەم دەدا، هاوکات دوای دروستبوونی کۆماری نوێ تورکیا ئەم بابەتە جارێکی دیکە زیندوو کرایەوە، گرژی و ئاڵۆزی زۆر لە نێوان عێراق (بەریتانیا) و تورکیا دروست بوو، تا ئەو ئاستەی هەر دوو لا هێزی زۆریان لەسەر سنوورەکان کۆکردەوە، لە ئەنجامی ئەمەدا کێشەی ویلایەتی مووسڵ خرایە کۆمەڵەی گەڵان، بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم ویلایەتە چارەسەر بکرێت، کۆمەڵەی گەلانیش لیژنەیەکی باڵای پێک هێنا، بەڵام دوای گەڕانەوەی وەفدەکە بۆ پێشکەشکردنی کۆتا ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەندامانی کۆمەڵەی گەڵان کرد، بەڵام ئەنجامێکی باشی بە خۆوە نەبینی، دوای ئەمە عێراق (بەریتانیا) و تورکیا لەسەر کێشەی ویلایەتی مووسڵ گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی.
لە قۆناخی ئێستایە پارێزگای مووسڵ بە دووەمین گەورەترین پارێزگای عێراق دادەنرێت، کەوتووەتە باکووری ڕۆژئاوای عێراق، ڕووبەرەکەی دەخەملێندرێت بە (37,323) کیلۆمەتری چوارگۆشە. ژمارەی دانیشتووانی بە نزیکەی (3,729,998) کەس دەخەملینرێت، پارێزگای مووسڵ لە چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی پێک دێت وەک (کورد، عەرەب، تورکمان…،). هەروەها لە ڕووی ئایینەوە ئایینی (ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی…) پارێزگای مووسڵ هەر لە ساتی دروستبوونی تووشی کێشەی زۆر بوو، ئەمەش لەبەر شوێنی جوگرافیایەی کە شوێنێکی ستراتیژی هەیە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەکەی گرنگی تایبەتی پێ بەخشیوە، بەتایبەت لە ڕووی (بازرگانی، سەربازی، ئابووری..) هاوکات تێڕوانینی زۆر لە بارەی سەرهەڵدانەی ئەم کێشەیە دەخرێتە ڕوو، لە چەندین لاوە باسوخواسی ئەم بابەتە شەقامی ئێستای پڕ کردووە، بە جۆرێک بەشێکیان پێیان وایە بە کۆتا هاتنی ڕێککەوتننامەکە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم کێشەیە لە ئارا دایە، بەتایبەت لەلایەن بەشێکی زۆری بەرپرسانی تورک ئاماژەیان بۆ کردووە، سێ ئەگەری سەرەکی هەیە،
یەکەم: ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە ئەم کێشەیە سەر هەڵبداتەوە و تورکیا داوای بکاتەوە.
دووەم: ئەگەری ئەوەیە ڕێککەوتنێکی دیکە لەسەر ئەم بابەتە بکرێتەوە، جارێکی دیکە بە فۆرمێکی دیکەوە ڕێککەوتنەکە بکرێتەوە.
سێیەم: ئەم کێشەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە لەژێر باندۆری نێودەوڵەتی وەک خۆی دەبێت.
تێڕوانینی جیاواز لەلایەن مێژوونووسان و چاودێرانی سیاسی دەخرێتە ڕوو، بەڵام دەکرێت بڵێین تورکیا وا بە ئاسانی واز لە مووسڵ ناهێنێت، بەتایبەت لە قۆناخی ئێستایە گرنگی زیاتر بە دیار کەوتووە، لەرووی ئابووری و سیاسی، بۆیە دەچێتە قۆناخێکی نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش ڕەنگە کێشەیەکی دیکە لە ناوچەکە دروست بکاتەوە، بە تێڕوانینی ئێمە ئەم بابەتە ڕەنگە تورکیا وەکو کارتی فشار بەرامبەر بە عێراق بەکار بهێنێت، بەتایبەت لە ئێستایە لەرووی نەوت و ئابوورییەوە زۆر دەوڵەمەندە، تورکیاش بیەوێت بەشێک لە خێر و بێری ئەو ناوچەیەی دەستکەوێت، ئەمیش بۆتە ڕێگەخۆشکەری بۆ تورکیا، کە داوای ئەم پارێزگایە بکات، بەڵام ئەم داواکردنەی تورکیا بۆ پارێزگای مووسڵ چەندی ڕایەکی لەبارەوە هەیە، هەندێک ڕا وای بۆ دەچن نفوسی خۆی و دەسەڵاتی خۆی واتە تورکمانەکان لەم پارێزگایەدا زیاد بکات، ڕایەکی تر وای بۆ دەچێ کە تورکیا دەیەوێت دەستبەسەر بەشێک لە نەوتی مووسڵ دابگرێت، هەندێک ڕای تر وای بۆ دەچن کە تورکیا دەیەوێت بە تەواوی ئەم پارێزگایە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا و چەندین وڵاتی بەهێز لە ڕۆژهەڵات دروستبوونە، دەتوانن ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەورووپاش ببنەوە، کە ئەورووپییەکان نەتوانن دەست بخەنە ناو کاروبارەکانیاندا، بۆیە لێرە بۆمان دیار دەبێت کە تورکیا هەڕەشەیەکی زۆر بەهێزە بۆ سەر پارێزگای مووسڵ، ئەم کارەش چەند وێرانکارییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت بڵێین گۆڕانکاری لە جوگرافیا ناوچەکە کارێکی ئاسان نییە بەڵکوو پەیوەندی بە هەندێک ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە هەیە.