نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە 12ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدیدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ڕای گەیاند، تا ئێستەش هاووڵاتییانی ئێزیدی باجی ناكۆكییە سیاسییەكان و ئامادەییی هێزە چەكدارە نایاسایییەكان دەدەن.
ئەمەش دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:-
ئەمڕۆ بە خەم و ئازارێكی قووڵەوە، یادی دوازدە ساڵەی تاوانی جینۆساید و كۆمەڵكوژیی هاووڵاتییانی ئێزدیمان دەكەینەوە. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاكی شەهیداندا دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە بەبیریان دەهێنینەوە.
تاوانی جینۆسایدی ئێزدییان و بەسەبیكردنی كچ و ژنانیان و تێكدانی ماڵ و پەرستگەكانیان، برینێكی كراوەی دڵ و دەروونی گەلی كوردستانە. بەداخەوە هاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش دوازدە ساڵ، هێشتا باجی ناكۆكییە سیاسییەكان و ئامادەییی هێزە چەكدارە نایاسایییەكان دەدەن.
لێرەوە جەخت دەكەینەوە كە ئەركی حكوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ بكات، كار بۆ بەپارێزگاكردنی بكات و هێزە نایاسایییەكان ناوچەكە جێبهێڵن؛ تا ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاووڵاتییانی ئێزدیمان دڵنیا دەكەینەوە تا تاقە ڕفێندراوێك مابێت، تیمی نووسینگەكەمان بەردەوام دەبێت لە كارەكانی بۆ ڕزگاركردن و ئاشكراكردنی چارەنووسیان. هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكانمان تا تاوانەكانی داعش لەسەر ئاستی جیهاندا بە تەواوی وەك جینۆساید بناسرێن.
لەم یادەدا، سوپاس و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵكی میوانپەروەری دهۆك و بادینان بەگشتی دەكەین كە لە ساتە سەختەكاندا دەرگای ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەكانیان بۆ ئاوارە ئێزدییەكان كردەوە. هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی ئەو تاوانەیان بە جێنۆساید ناساندووە و بە هەر شێوەیەك بێت، یارمەتیی ئێزدییانیان داوە.
سڵاو لە خۆڕاگریی كۆمەڵگەی ئێزدی، دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و تەواوی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی ئەو ڕۆژگارە سەختە بە فەرماندەییی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند و گیانی خۆیان بۆ ئازادكردنی شەنگال و پاراستنی شكۆی نیشتمان بەخشی.
































































