محەمەد هەسنانی
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی گەلی كوردستان بدەینەوە پڕییەتی لە دەرفەتی زێڕین و هەڕەشەی گەورە، لەم سەروبەندەدا كە ناوچەكە لەناو گۆڕانكاریی خێرا و ئاڵۆزی جیۆپۆلیتیكیدا دەگوزەرێت، پەیامێك لە هەموو كاتێك ڕوونتر و پێویستر خۆی دەسپێرێت: كاتی ئەوەیە كورد لە باشوور و سەرجەم پارچەكانی دیكەی كوردستان ماڵی خۆی یەكبخاتەوە.
ئەگەر تیشك بخەینە سەر گرینگی یەكگرتوویی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها دروشمێكی جوان یان خواستی سەر شانۆ سیاسییەكان نییە، بەڵكو تەوقیتێكی مێژوویی و پێداویستییەكی نەتەوەیی بەپەلەیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانمان، كە لە پێناویاندا هەزاران شەهید و قوربانییمان داوە. وەك دەبینین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم نەخشەیەكی نوێدا گوزەر دەكات. لەم هاوكێشە ئاڵۆزانەدا، وڵاتان و هێزە گەورەكان مامەڵە لەگەڵ هێزی یەكگرتوو و خاوەن بڕیاری هاوبەش دەكەن، نەك لەگەڵ دەنگە پەرتەوازەكان، پاراستنی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەریی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی پارچەكانی تر، تەنها لە ڕێگەی دەنگێكی بەهێز و ناوەندێكی سیاسیی هاوبەشەوە دەستەبەر دەبێت.
بە پێچەوانەوە ناكۆكیی ناوخۆیی تەنها تواناكان بەفیڕۆ دەدات، بێئومێدی لەناو كۆمەڵگەو گەنجان دروست دەكات و بنەماكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لاواز دەكات. یەكگرتوویی تاكە ڕێگەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی سیاسی و ئابووری هەرێمەكەمان.
لەگەڵ ئەوەشدا یەكخستنەوەی ماڵی كورد ناكرێت، تەنها لەسەر پەڕەی ڕاگەیەندراوەكان بێتە ئاراوە؛ بەڵكو كردار و هەنگاوی كرداریی پێویستە، وەک:
- دیالۆگی نیشتمانیی ڕاستەقینە: وەلانانی بەرژەوەندیی حزبی و كەسی لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی.
- دامەزراوەیی بوون: ڕێكخستنەوەی هێزە ئەمنییەكان، هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە ئابوورییەكان لەژێر یەك چەتری نیشتمانیی بێلایەن.
- دروستكردنی وتاری سیاسیی هاوبەش: دیاریكردنی هێڵە سورەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە كۆتایدا دەڵێین: مێژوو بەزەیی بە لاواز و پەرتەوازەكاندا ناهێێتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ ئیرادەی سیاسی بۆ یەكگرتنەوە هەبێت، سبەی لە نەخشەی نوێی ناوچەكەدا دەستكەوتی مەزنتر دەستەبەر دەبن. ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر، نیشتمان پێویستی بە تێگەیشتن، لێبووردەیی و یەكڕیزیی هەموو لایەنەكانە. كاتی كاركردنە، كاتی یەكخستنەوەی ماڵی كوردە.
































































