بەشێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەلایەتیی هەواڵی نیشتنەوەی چەند فڕۆكەی ئەمریكیان لە بنكەی عەین ئەسەد بڵاو كردەوە، بەڵام شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق هەواڵەكەی رەت كردەوە .
ئەمڕۆ یەکشممە، 2ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکدا، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، ئەم هەواڵانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و پشتیان بە هیچ زانیاری و داتایەکی فەرمی نەبەستووە.
هەر لەو راگەیەندراوەدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، لە کاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا وردبن، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و نەکەونە دوای پڕوپاگەندە و هەواڵی بێ بنەما.
ئەم راگەێندراوە لە كاتیكدایە كە شەوی رابردوو بەشێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردەوە كە ” هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی فڕۆکەوە گەیشتوونەتە بنکەی عەین ئەسەد، هێزەکانی ئەمریکا تەواوی سەربازانی ئێراقیان لە نێو بنکەکە دەستبەسەر کردوە، پاشان بە کاروانی سەربازی بەرەو بیابانی نخێب جووڵەیان کردووە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاوکرابێتەوە.
هەروەها بەهۆی ئامادەییی هێزەکانی ئەمەریکاوە لە بنکەکەدا، کارمەندان ناچار کراون تاوەرەکانی چاودێری جێبهێڵن و لە یەک شوێندا کۆبکرێنەوە”.
































































