شەوی رابردوو جیهان لە چاوەڕوانی جەنگێكی وێرانكەر و خوێناوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، لە ناكاو فەرمانێك لە ژووری دۆناڵد ترەمپەوە دەردەچێت و لە جیاتی بڕیاری جەنگ، فەرمانی راگرتنی هەر جۆرە هێرشێكی دەركرد.
چۆن ئەمجارەش سعودییە فریای راگراتی جەنگ و وێران كردنی ژێر خانی ئابووری و وزەی ئێران كەوت.
هەر دوو كەناڵی هەواڵی (ئەکسیۆس) و (سی بی ئێس) بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکانی کۆشکی سپی بڵاویان کردەوە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند كاتژمێریك بەر لە دەست پێكردنی هێرشەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پلانەکانی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەنگاوە و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەی کرد”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە کاردانەوەی بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن و پەکخستنی کەشتیوانییەکان بژاردە سەربازییەکان تاو و توێ كردووە، هاوکات تارانیش لە ئاست ئەم هەڕەشانە بێ دەنگ نییە و هۆشداریی داوە کە بە “وەڵامێکی یەکلاکەرەوە” بەرپەرچی هەر کارێکی دوژمنکارانە یا هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە دەداتەوە.
بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوە هەواڵییە، هاوکات لەگەڵ گوشاری دیپلۆماسی ڕیاز و زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە، پلانێکی دیپلۆماسی دێتە ئاراوە و پێشنیارەکانی وڵاتانی وەک قەتەر و عومان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە لە ئارادایە، هەر چەندە هێشتا دۆخەكە تارمایی شەڕی بەسەرەوە زاڵە.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەم هەواڵانە، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال بڵاوکردەوە و نووسی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی ئامادە و تەیارە بۆ هەنگاونان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووی سەربازی هەمە چەشنەوە، بە جۆرێك لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە نەبینراوە، بەڵام ئێستا لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە داوامان لێکراوە کە خۆمان لە هەر هێرشێک بەدوور بگرین، بەو پێیەی چوارچێوە و سنووری ڕێککەوتنێک قبوڵکراوە ڕێککەوتنەکە بریتی دەبێت لە کردنەوەی دەستبەجێ و تەواو و هەمەلایەنەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران”.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشکرد: “بە پشتبەستن بەم داواکارییە ڕێککەوتووم، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی جیهان و بۆ مانەوەی ئێرانێکی سەرکەوتوو و گەشە كردوو، ئەم هێرشە هەڵبوەشێنمەوە. بە مەرجێک بتوانین بە خێرایی بگەینە رێکەوتنێک”. ترەمپ گووتیشی ” ئیسرائیلیش لەگەڵمدایە لەم پابەندبوونەدا، هەمووان دەست بە کارەکانیان بکەن و کارەکە بە ئەنجام بگەیەنن.”
































































