شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری (Nature Mental Health) بڵاو كراوەتەوە، دەریدەخات؛ كاریگەریی چەوریی جەستە لەسەر تەندروستیی مێشك تەنیا پشت بە كێش یان هاوكۆلكەی بارستایی جەستە (BMI) نابەستێت، بەڵكو پەیوەستە بە شوێنی كۆبوونەوەی چەورییەكەشەوە.
توێژینەوەكە لەلایەن توێژەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هۆنگ كۆنگ سەرپەرشتی كراوە، پشتی بە شیكردنەوەی داتای زیاتر لە 18 هەزار بەشداربوو بەستووە.
توێژەران، رێژەی چەوریی كۆبووەوە لە قۆڵەكان، قاچەكان، قەد و چەوریی هەناویان بەراورد كردووە لەگەڵ وێنەی تیشكی موگناتیسیی مێشك و ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی تێگەیشتنی بەشداربوواندا.
ئەنجامەكان دەریانخستووە كە هەر ناوچەیەكی جەستە شێوازێكی جیاوازی كاریگەریی لەسەر مێشك هەیە، چونكە چەوریی قۆڵەكان، قاچەكان، قەد و چەوریی هەناوی بە گۆڕانكاری لە تۆڕە جیاوازەكانی مێشكەوە بەستراونەتەوە كە بەرپرسن لە جووڵە، یادەوەری، سۆز و كارەكانی قەدی مێشك.
بەڵام چەوریی هەناوی، تاكە جۆر بوو كە راستەوخۆ پەیوەندیی بە زیانگەیاندن بە مادەی سپی مێشكەوە هەبوو، كە ئەو ریشاڵە دەمارییانەیە كە ئاماژەكان لە نێوان خانە دەمارییەكاندا دەگوازنەوە و زیانگەیاندن پێی یەكێكە لەو نیشانانەی كە پەیوەستە بە لاوازبوونی تێگەیشتن كە لە ئەنجامی نەخۆشییەكانی خوێنبەرە بچووكەكانی مێشكەوە دروست دەبێت، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.

































































