زاری كرمانجی :
دوێنی چوارشەممە ٢١ كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر كۆبۆنەوەیەك بۆ بەرپرسە ئیدارییەكانی پارێزگاكە ئەنجامدرا بۆ دروستكردنی شەش هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان.
لە كۆبوونەوەكەدا كار لەسەر دابینكردنی زەوی و وردەكاریی تەكنیكی و دیزاین و چۆنییەتی دروستكردن و دەستپێكردنی پرۆژەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەرێوەبەرایەتیی نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر كراوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئاماژەپێدان بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:” لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی كوردستان بە بەرزترین كوالێتی و جوانترین شێواز، لە دوو شوێنی زۆر باشی هەولێر لە نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتریی، دەست بە دروستكردنی ئەو شەش هەزار یەكەیە دەكرێت، كە بۆ هەولێر دانراوە.”
لە كۆبوونەوەكەدا، لیژنەیەكی تایبەت بۆ دەستكردن بە پرۆسەی هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوی ئەو ٥٩ هەزار هاووڵاتییەی لە سنووری هەولێر پێكهێنرا، كە فۆڕمی داواكاریی وەرگرتنی یەكەكانیان پڕ كردووەتەوە. پاشان لە پرۆسەیەكی شەفاف و دادپەروەرانەدا بە شێوازی تیروپشك داواكارانی دەرچوو بۆ وەرگرتنی شەش هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دیاری دەكرێن و دەرچووان دەبێت ١٠٠% شایستە بن و هەموو ئەو مەرجانەی كە دانراون، بیانگرێتەوە.