موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی
هەندێک لە ئافرەتانی شۆفێر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێگەی زاری کرمانجی نیگەرانی خۆیان لە شێوازی مامەڵە و نۆڕەگرتن لە هەندێک بەنزینخانە دەردەبڕن.
یەکێک لە ئافرەتەکانی شوفێر لە سۆران، بۆ زاری کرمانجی گووتی:” دوای ئەوەی بە گوێرەی قسەی خاوەن بەنزینخانەیەک لە سەنتەری سۆران زانیویەتی «نۆڕەگرتن بۆ ئافرەتان نییە»، کاتێک چوومە ناو بەنزینخانەکە، هەندێک لە شۆفێران لە بری هاوکاری، بە هۆڕنلێدان و دابەزین لە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕەفتارێکی نەگونجاویان لەگەڵ کردم.
ئەو ئافرەتە، دەشڵێت:” ئەگەر نۆڕەگرتن بۆ شۆفێرانی ئافرەت نییە، بە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی ڕوون بکرێتەوە، و ئەگەر هەیە، ڕۆژ یان کاتێکی دیاریکراو بۆ ئافرەتان تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێکخستن و ڕێزگرتن لە هەموو هاوڵاتیان وەک یەک بێت و گرفتمان بۆ دروست نەبێت.
ئەم گرفتەی بەشێکی زۆری ئافرەتانی قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی سۆرانە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، داوا دەکەن لایەنی پەیوەندی دار یا کارگێڕی بەنزینخانەکان ڕێگە چارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە .
لە ئیدارەی سۆران، ژمارەی شۆفێرانی ئافرەت بەردەوام لە زیادبووندایە و ڕۆژانە هاوشێوەی پیاوان ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن و کار و باری ڕۆژانەیان پێ ڕای دەکەن .
































































