د. ئاوات ئیبراهیم
پرۆفیسۆری یاریدەدەر، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵ بوون
لەگەڵ گۆڕینی وەرزی ساڵ و گۆڕانی كەش و هەوا بەتایبەت لە وەرزەكانی زستان و بەهاردا، نەخۆشی ئەنفلۆنزا ڕوو لە زیادبوون دەكات و بەتایبەتی بڵاوبوونەوەی لەنێو ئەندامانی خێزان و شوێنی كاردا، ئەم نەخۆشییە بەهۆی جۆرێك لە جۆرەكانی ڤایرۆسەوە تووشی لووت، قوڕگ، ڕێڕەو، بۆڕی هەناسە و سییەكان دەبێت، واتە كۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ، بەهۆی جۆری ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای سی دەبێت، ئەم ڤایرۆسە پێكهاتەی دروستبوونەكەی لە جۆرەكانی تر لاوازترە، ماوەی مانەوەی نەخۆشییەكە لە كەسی تووشبوو نێوان 7- 10 ڕۆژدایە و توانای گواستنەوەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر هەیە.
ئافرەتی دووگیان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە چونكە بەرگری لەشییان كەمترە، بە توندی تووشی ئەم پەتایە دەبن، ئەو ئافرەتانەی ڤاكسینی ئەنفلۆنزایان وەرگرتووە كەمتر تووش دەبن، تای بەرز لە كاتی ئەنفلۆنزا یان پەسیوو لە خانمی دووگیان كار لە گەشەی منداڵ دەكات لە سەرەتایی دووگیانی، ئەگەری ناتەواوی دەمار و بڕبڕەی پشتی منداڵ دەكات.
خانمانی دووگیان چی بكەن لە كاتی تووشبوونی ئەم پەتایە؟
١-وەرگرتنی پشووی زۆر
٢-هەڵمژینی هەڵمی ئاوی گەرم
٣-گەرم ڕاگرتنی جەستە
٤-خواردنەوەی شلەمەنی و شۆربایی گەرم
٥-خواردنی لیمۆ، هەنگوین و زەیتی زەیتوون
٦-وەرگرتنی پاراسیتامۆڵ بۆ كەم كردنەوەی ئازاری لەش