سەرۆکی شارەوانی سۆران : کار لە سەر باشترکردن و جوانترکردنی دەروازەی شار دەکەین
ڕۆژان قیاس_زاری کرمانجی:
لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئیدارەی سۆران ڕوو لە زیاد بوونە، و ڕووبەری قەزاکان ڕوو لە هەڵکشاندایە، بەڵام تا ئێستا هیچ گەڕەکێکی نوێ دروست نەکراوە و ناوی گەڕەک و شوێنەکانیش هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە.
کاوە نەجم، سەرۆکی شارەوانی سۆران لەم بارەیەوە بە زاری کرمانجی گووت:” ڕاگەیاندنی گەڕەکی نوێ و گۆڕینی ناوی گەڕەکەکان، کارێکی وا ئاسان نییە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، هەروەها پێویستی بە ڕێکاری یاسایی هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی بتوانین گەڕەکی نوێ دابمەزرێنین یا گۆڕانکاری لە ناوی شوێنە گشتییەکان بکرێت”.
لەبارەی دەروازەی سۆران کە تا ئێستا هیچ تابلۆیەکی بەخێرهاتن و ناوی ئیدارەکەی دانراوە، سەرۆکی شارەوانی سۆران لە وەڵامدا دەڵێ:” ئەو سەرنجەی ئێوە زۆر لە جێی خۆیەتی و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، دەروازەی شار نابێت بەو جۆرە بێت و پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت، هەم لە ڕووی جوانکارییەوە و هەم لە ڕووی هێماکانی هاتووچۆ، بۆیە لە داهاتوودا دەخەینە نێو پلانی خۆمان”.