سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق بە ماڵپەڕی “الحرە”ی ڕاگەیاند، وڵاتانی کەنداو، سعوودیە و ئوردن بە فەرمی بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێدا، ڕاستەوخۆ بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی خاکی عێراقدا دەکەنە ئامانج. هاوکات لایەنی کوێتیش لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە هۆشدارییەکی هاوشێوەی ئاراستەی عێراق کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ قایلکردنی وڵاتانی دراوسێ کە توانای هەیە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بکات. بەغدا لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە بە شێوەیەکی کردەیی کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی یاسادا دەکات تا دڵنیایی تەواو بداتە دراوسێیەکانی لە ئاست پاراستنی سەقامگیری سنوورەکانیان.
حکومەتی عێراق لە هەمان کاتدا هۆشداری داوە کە هەر جۆرە هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر گرووپەکان لە ناوخۆی عێراقدا، سەرجەم هەوڵەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانە سەربازییەکان لەباردەبات و پڕۆسەی چەک داماڵینی میلیشیاکان ڕووبەڕووی بەربەستی توند دەکاتەوە.
































































