ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن (CNN)، لە ڕاپۆرتێکیدا، دەڵێت، “ئەگەر هەست بە توڕەیی، سترێس یان نیگەرانی دەکەیت، یان ناتوانیت بە باشی لە ئەرکەکانی کار، خوێندن یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بگەیت، هۆکارەکەی لەوانەیە زۆر کات بەسەربردنت بێت لەسەر ئینتەرنێت.” ئەمەش بە پێی توێژینەوەیەکە کە لە گۆڤاری PLOS One بڵاوکراوەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە، کە لەسەر ٩٠٠ گەورەساڵی ئەڵمانی ئەنجامدراوە، نیشانی دەدات ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نائاسایی و ماوەدرێژ ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، زیاتر تووشی سترێس و دۆخی دەروونی خراپ دەبن و ئەگەری ئەوەیان زیاترە کە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان پشتگوی بخەن. مەبەست لە بەکارهێنانی نائاسایی ئینتەرنێت ئەوەیە کە کەسێک بە شێوەیەکی زۆر و بێ سنوور بەرنامە و خزمەتگوزارییە ئینتەرنێتییەکان بەکاربهێنێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی نیگەرانی یان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی.
ئاندریاس ئۆڵکەر، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی دویسبورگ-ئێسەن لە ئەڵمانیا و سەرنووسەری توێژینەوەکە، دەڵێت:«سترێس و دۆخی دەروونی خراپ، ویستی کەس بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت زیاتر دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو بەکارهێنانە لە سنوور بپەڕێت، دۆخەکە خراپتر دەکات.»بە پێی وتەی توێژەران، ئەم توێژینەوە بەردەوامە ڕووناکی دەخاتە سەر کێشەیەک کە هێشتا بە فەرمی وەک نەخۆشی پۆلێن نەکراوە، بەڵام لەوانەیە لە داهاتوودا پێویست بێت وەک نەخۆشییەک بناسرێت.
































































