نوسین و ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا و ١٧ ساڵ ئەزموونی تیۆری و پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
لە جیهانی پزیشکی و چارەسەری سروشتیدا، پاراستنی سەلامەتیی چارەخواز بنەمایەکی نەگۆڕە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکاندا، ئامرازی نوێ بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ هاتوونەتە ئاراوە، وەک “قەڵەمی کەڵەشاخ”. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم ئامرازە تا چەند بۆ تەندروستیی پێست و لەشی مرۆڤ سەلامەتە؟
بۆچی قەڵەمی کەڵەشاخ مەترسیدارە؟
لە پڕاکتیزەی رۆژانەدا، چەندین خاڵی مەترسیدار لەسەر ئەم ئامرازە هەن کە پێویستە هەمووان بیزانن لەوانە :
١_ کێشەی پاککردنەوە و تعقیم نەکردنی بە شێوازێکی پزیشکی بەنموونە، سەری قەڵەمەکە لە کاتی بریندارکردنی پێستدا ڕاستەوخۆ بەر خوێن و شلە بایۆلۆژییەکان (Biological Fluids) دەکەوێت.
جێگەی نیگەرانیە چونکە، بەشە ناوەکییەکانی ئەم ئامرازە بە ئاسانی بە ئاو، پاککەرەوە ئاساییەکان و ماددە تەعقیمکەرەکان پاک نابەنەوە، چونکە کارکردن لەگەڵ خوێن لە جیهانی پزیشکیدا توندترین ڕێکار دەخوازێت و هەرچەندێک ڕووکەشەکەی بسڕدرێت، بەڵام میکرۆئۆرگانیزمەکان لە ناوەوەیدا دەمێننەوە.
٢_ هەڵەی باو و مەترسیداری لەکاتی پڕاکتیزەکردنی ئامرازەکەدا، مەرجی بنەڕەتیی زانستی ئەوەیە که هەر چارەخوازێک کەڵەشاخی بۆ بکرێت، دەبێت یەک قەڵەمی تایبەت و تاکەکەسی بۆ بەکاربێت. کەچی، مخابن لەهەرێمی کوردستاندا تەنها دەرزی سەری قەڵەمەکە دەگۆڕن و خودی قەڵەمەکە دووبارە بۆ کەسانی تر بەکاردەهێننەوە؛ ئەمەش بە تەواوی دژ بە بنەماکانی زانستی پزیشکی و مەترسییەکی کوشنده لەسەر تەندروستیی چارەخواز و کۆمەڵگە دروست دەکات.
قەڵەمی کەڵەشاخ لایەنی زانستی و پزیشکی مەترسییە شاراوەکانی چیین ؟
لە ڕوانگەی زانستیەوە پێست گەورەترین ئەندامی لەشە و بەرگریی یەکەمە لە دژی هێرشی زیندەوەرزە وردبینەکان. هەر بریندارکردنێکی ناتەندروست دەروازەیەکە بۆ چوونەژوورەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان لەوانە :
نەخۆشییە گوازراوەکان لە ڕێگەی خوێن (Bloodborne Pathogens) ڤایرۆسەکانی وەک هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی (جۆری B و C) هەروەها ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی مرۆڤ (HIV) توانایەکی بەرزیان هەیە لە ڕێگەی شوێنەوارە وردەکانی خوێنەوە بگوازرێنەوە، تەنانەت ئەگەر بڕێکی زۆر کەمیش لە خوێنی کهسی پێشوو لە ناو قەڵەمەکەدا مابێتەوە، یان تەعقیمش کرابێت و ڤایرۆسەکە مابێتەوە بە قەڵەکەوە.
پێکهاتەی ناوەوەی قەڵەمەکە چۆنە؟
زۆربەی قەڵەمەکان لە ماددەی پلاستیکی دروستکراون کە بۆرییەکی ناوەکییان هەیە و بەهۆی پەستانی(سپرینگ) کار دەکەن.
کاتێک قەڵەمەکە ئامادە دەکرێت و دوگمەکەی دادەگریت، ئەو سپرینگە پاشەکەوتی هێز دەکات و بە خێراییەکی زۆر دەرزییەکە دەهاوێتە خوارەوە بۆ ئەوەی پێستەکە بریندار بکات، پاشان بە یارمەتیی هەمان پەستان دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
کەواتە “پەستانی سپرینگ” واتە ئەو هێزەی کە لە ڕێگەی سپرینگ دروست دەبێت بۆ لێدانی دەرزییەکە، ئەم بۆری و شانانە شوێنی کۆبوونەوەی شلەکانن و هیچ ئامرازێکی گەرمکەرەوەی ئاسایی ناتوانێت بە تەواوی ناوەوەیان پاک بکاتەوە.
زیان گەیاندن بە شانەکانی پێست، قەڵەمی کەڵەشاخ کۆنترۆڵی قووڵایی برینەکەی بە تەواوی لە دەست چارەسەکاردا نیە، بە جۆرێک هەندێکجار پێستەکە زیاتر لە پێویست بریندار دەکات، ئەمەش جگە لە ئازاری زیاتر، مەترسیی هەوکردنی باکتریایی لە شوێنی برینەکان دروست دەکات.
بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و بەرزڕاگرتنی پێگەی زانستی ئەم پیشەیە، پێویستی و پابەندبوون بە بەکارهێنانی کەرەستەی یەکجارەکی (Disposable) کە تەنها بۆ یەک کەس بەکاردێن.
هۆشیارکردنەوەی چارەخوازان کە داوای مافی تەندروستیی خۆیان بکەن و قەبووڵی نەکەن ئامێر، قەڵەمی دووبارە بەکارهاتوو بۆیان بەکاربێت.
من وەک نوسەر، شارەزا و خاوەنی ١٧ ساڵ ئەزموونی تیۆری و پراکتیکی لە بواری چارەسەری بە کەڵەشاخدا، لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی پیشەیی و زانستییەوە دەڵێم: قەڵەمی کەڵەشاخ تەندروست و سەلامەت نییە و هۆکارە بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان.
































































