وەرزش ـ زاری كرمانجی:
سبەی پێنج شەممە لە میانەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی گەڕی حەوتەمی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، هەردوو نوێنەرەكەی ئیدارەی سۆران، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاری دەكەن.
هەڵۆ و رواندز، لە گەڕی حەوتەم رووبەڕووی هەر دوو نوێنەرەكەی كەركووك و گەرمیان دەبنەوە، یارییەكان لە كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچن.
هەڵۆكانی بارزان، روودەكەنە شارەدێی رزگاری و لەوێ رووبەڕووی یانەی ئەو شارە دەبنەوە. یانەی هەڵۆ، لەم وەرزەی خولی یانە پلە یەكەكان 6 یاریی ئەنجامداوە، تێیدا 3 بردنەوە، 2یەكسانبوون و شكستێكی هەیە، توانیویانە 10 گۆڵ لە ركابەرانیان بكەن و 2 گۆڵیان لێكراوە، لە پلەی پێنجەمی ریزبەند دێن بە 11 خاڵ، لەبەرانبەردا یانەی رزگاری، لە 5 یاری بردنەوەیەك، دوو یەكسانبوون و دوو شكستی هەیە، 5 گۆڵیان تۆماركردووە و، حەوت گۆڵیان لێكراوە، بە 5 خاڵ لە خانەی شازدەی ریزبەندن.
ئەركی یانەی رواندز ئاسانترە، لەدەمێكدا رووبەڕووی خراپترین تیمی ئەم وەرزەی خولەكە دەبێتەوە ئەویش یانەی برادۆست، كە هەگبەكەی 3 خاڵی تێدایە و 5 یاری تووشی شكست بوونە و، بردنەوەیەكیان هەیە، برادۆست، خاوەنی خراپترین هێڵی بەرگرییە بەراورد بەسەرجەم یانەكانی بەشداربوو لە خولەكە، ئەو تیمەی شاری كەركووك لە 6 یاری 25 جار تۆڕەكەی هەژێنراوە و، 6 گۆڵیان لە ركابەرانیان كردووە.
یانەی رواندز، لەم وەرزەی خولی یانە پلە یەكەكان لە 6 یاری، بردنەوەیەك، 3 یەكسانبوون و 2 شكستی هەیە، 7 گۆڵیان كردووە و 5 گۆڵی لێكراوە پلەی یازدەی ریزبەندن بە 6 خاڵ .