زاری كرمانجی- مەزنێ:
هاووڵاتییانی سنووری ناحیەی مەزنێ، وەكو خۆیان دەڵێن، تا ئێستا بنكەی بەرگری شارستانی لە سنوورەكە نییە، ئەوەش كێشەیەكی زۆریان بۆ دروست كردووە، داوا دەكەن ئەو بینایەی كە بۆ بنكەكە دروست دەكرێت هەر چی زووە تەواو بكەن، بۆ ئەوەی بنكەی ئاگر كوژێنەوە لە سنوورەكە هەبێت.
ناحیەی مەزنێ، دەكەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر، چەند ساڵێكە بینای بنكەی بەرگری شارستانی مەزنێ بە نیوەرۆیی ماوەتەوە، بۆیە داوا دەكەین بینایەكە تەواو بكرێت، بۆ ئەوەی بنكەی بەرگری شارستانی لە سنوورەكە هەبێت.
هاووڵاتییانی سنوورەكە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، زۆرجار رووداوی ئاگر كەوتنەوە هەبووە، لەبەر نەبوونی بنكەی ئاگر كوژێنەوە لە سنوورەكە، تا تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە لە مێرگەسۆر، یان لە سۆران هاتوونە زیانێكی زۆرمان بەر كەوتووە، جگە لەوەی لە وەرزی هاوین بە دەیان رووداوی ئاگر كەوتنەوە روو دەدەن، بەتایبەتی سووتانی پوش و پەلاش، لەبەر نەبوونی تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە، زیانێكی زۆری ماددی بەر دارستان و ناوچەكە كەوتووە، ئەگەر بنكەی بەرگری شارستانی هەبێت زیانەكە كەمتر دەبێت، بۆیە داوا دەكەین وەك هەموو شوێنەكانی دیكە بنكەی ئاگر كوژێنەوە لە سنوورەكەمان هەبێت”.