زاری کرمانجی
زینەدین زیدانی ڕاهێنەری فەرەنسی جەختی لەوە کردەوە کە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری هونەریی هەڵبژاردەی فەرەنسا شانازییەکی گەورەیە بۆی، و ئاماژەی بەوەش دا کە سەرکردایەتیکردنی “کەڵەشێرەکان یەکێکە لە مەزنترین بەرپرسیارێتییەکان لە ژیانی وەرزشیی ڕاهێنەرایەتیدا.
زیدان لە دوای دەستنیشانکردنی وەک جێگرەوەی دیدییە دێشامپ ڕایگەیاند: “هیچ شتێک لە هەڵبژاردەی فەرەنسا گەورەتر نییە، بۆیە وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی ئەم هەڵبژاردەیە خۆشحاڵی و شانازییەکی گەورەیە بۆ من”، هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەم پۆستە بەرپرسیارێتییەکی گەورە و ئامانجی بەرزی تێدایە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنەکان.
ڕاهێنەرە نوێیەکەی فەرەنسا سوپاسی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا و سەرۆکەکەی، فیلپ دیالۆی، کرد بۆ ئەو متمانەیەی پێیداون، هاوکات دەستخۆشی لەو کارە کرد کە دێشامپ لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا لە سەرکردایەتیکردنی دەستەی ڕاهێنەرایەتیدا پێشکەشی کردووە، و پێزانینی خۆی بۆ دەستکەوتەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا دووپات کردەوە.
زیدان ئەوەشی خستەڕوو کە خاوەنی ئامانجی گەورەیە لەگەڵ تیپەکەدا و دەیەوێت بەردەوامبێت لە سەرکەوتنەکان و قۆناغێکی نوێ لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی خاوەن توانای کێبڕکێکردن لە بەرزترین ئاستدا بونیاد بنێت.
شایەنی باسە، زیدان بەم بڕیارە دەگەڕێتەوە جیهانی ڕاهێنەرایەتی دوای دابڕانێک لە کاتی جێهێشتنی ڕیال مەدرید لە ساڵی 2021، کە تیایدا یانە ئیسپانییەکەی سەرکردایەتی کرد بۆ بەدەستهێنانی چەندین نازناو و دیارترینیان 3 نازناوی بەدوای یەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو.
بڕیارە یەکەم یاریی فەرمیی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرانبەر تورکیا بێت لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوودا.
































































