شەهلا رەشید- زاری كرمانجی:
وەكو ساڵانی پێشوو سەردانیكردنی شیعەكانی ئێران بۆ مەزارگە پیرۆزەكان بەردەوامە و خەڵكێكی زۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی مەزارگەكان، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەمساڵا جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو خزمەت بە زیارتكاران دەكات.
جەواد مەهدی، بەرپرسی سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئێمە لە دوو تیم پێكهاتووین كە ژمارەیان 12 كەسە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران ئامادەكراوە و لە ژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانین، تیمەكان دابەشكراون بەشێك لە تێرمیناڵی سۆران و بەشێكیش لە گەلی عەلی بەگن”.
گووتیشی” ئێمە رەچاوی بارودۆخی تەندروستی گەشتیاران دەكەین هەر حاڵەتێك بێتە پێش ئێمە ئامادەكاری تەواومان هەیە لەرووی ئەمبوڵانس و داودەرمانەكانەوە حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە كە پشكنینی كۆرۆنا بۆ هیچ كەس نەكرێت لەبەر ئەوەی گەشتیاران ماندوو نەبن و دووا نەكەون، هەموو ئەمانەش پێشتر بەرنامەیان بۆ داندراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكان بە تەواوی كراون، جگە لەمەش شوێنی حەوانەوە، بەتانی، كارەبا و خواردنی سێ ژەم بۆ گەشتیاران ئامادە كراوە، ئەگەر تێرمیناڵی هەولێر پڕ بێت ئەوا ئێمە لێرە گەشتیاران رادەگرین بۆ ئەوەی زۆر ماندوو نەبن و گوشاریان لەسەر دروست نەبێت”.
ئەوەشی خستەروو” ئێمە زووتر لە وادە خۆمان دەست بەكار بووین بۆ ئەوەی هەموو شتەكان ئامادە بن، ئەوەی ئاشكرایە گەشتیارانیش زووتر بەڕێ كەوتوون، هەروەها هەموو ئۆتۆمبێلەكان ژمارەی خۆیان هەیە و هەموو سەرنشینەكانیش بە ژمارەن بۆ هیچ كەس نییە شوێنی خۆی بگۆڕێت ئەمەش لەبەر باری ئەمنی خۆیان”.