زاری كرمانجی :
پارتی ئازادیی كوردستان (پاك) لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە لە دواین هێرشی ئێران بۆ سەر بنكەیەكی ئەوان چەكی قەدەغەكراو (فۆسفۆری سپیی) بەكارهاتووە .
پاك ڕاگەیاند “ئێران لە هێرشی درۆنی بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 19ی تەممووزی 2026، بۆ سەر یەكێك لە بنكەكانیان تەقەمەنییەكی زۆری بەكارهێناوە كە فۆسفۆری سپیی تێدا بەكار هاتووە.”
لە ڕاگەیاندراوی پارتەكە هاتووە ” دوای پشكنین و چاودێریكردنی نۆ پێشمەرگەی بریندار و شوێنی هێرشەكە، ئەنجامەكان ئاماژە دەكەن كە تەقەمەنییە بەكارهاتووەكان مادەی فۆسفۆری سپییان تێدایە كە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرێكی فرەوان لە ناوچەی ئامانجكراو.”
پارتی ئازادیی كوردستان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەم كردارە تاوان و پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی یە و بەكارهێنانی چەكێك كە كاریگەریی سووتاندن و وێرانكاریی فرەوان لەسەر مرۆڤ و ژینگە جێ دەهێڵێت، لەگەڵ بنەما مرۆیییەكان و پابەندبوونی دەوڵەتان بە یاسا نێودەوڵەتییەكان ناگونجێت.
پاك لە ڕاگەیاندراوەكەی دا داوا لە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكان دەكات بۆ ئەوەی هەنگاوە یاسایییە پێویستەكان بۆ لێپرسینەوە و سزا كردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بگرنەبەر.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، “بێدەنگی لە بەرامبەر بەكارهێنانی چەكە قەدەغەكراوەكان، ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە خۆش دەكات”.

































































