ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
فرۆشیارێکی مریشک لە شاری سۆران، ڕایگەیاند، “نرخی مریشکی زیندوو بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشان کردووە، نرخی هەر مریشكێك زیاتر لە 600 دیناری چووەتەسەری”.
عەبدوڵا چۆمباڵۆكەیی، فرۆشیاری مریشک لە شاری سۆران، بە زاری کرمانجی گووت، “نرخی كیلۆیەك مریشك بووەتە 3 هەزار و 250 دینار، لە كاتێكدا سەرەتای هەفتەی ڕابردوو كیلۆی بە 2 هەزار و 600 دینار بوو، بەمەش نرخی هەر كیلۆیەك زیاتر لە 650 دینار بەرزبووەتەوە”.
ئەو مریشک فرۆشەی سۆران، بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک و گووتی، “ڕێژەیەکی زۆری بەرهەمی پەلەوەری کوردستان هەناردەی ناوچەکانی خوارووی عێڕاق دەکرێت، بۆیە لێرە تووشی کورتهێنانی بەرهەمی مریشک بووینەوە. هاوکات پلەکانی گەرما و گرانبوونی غازیش، کاریگەری دروست کردووە لەسەر هەڵکشانی نرخی مریشکی زیندوو.”

































































