ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات ئەگەر چارەسەر خێرا و هەنگاوی کاریگەر نەگیرێتەبەر، ژمارەی حاڵەتە نوێکانی نەخۆشی شێرپەنجە تا ساڵی 2050 نزیکەی دوو هێندە زیاد دەبێت
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO هەموو ڕۆژێک زیاتر لە 26 هەزار کەس بەهۆی شێرپەنجە ژیانیان لەدەست دەدەن و میلیۆنان کەسیش بارێکی جەستەیی، دەروونی و دارایی قورسیان کەوتۆتە سەرشان. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەموو ساڵێک نزیکەی 20.6 ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت و نزیکەی 10 ملیۆن کەسیش بەهۆی ئەم نەخۆشییە کۆچی دوایی دەکەن. شێرپەنجە دووەمین هۆکاری سەرەکی مردنە لە جیهان، دوای نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی چاودێری تەندروستی پێویستە، بە شێوەیەک کە گرنگی بدرێت بە پێداویستییەکانی نەخۆشان و ئەزموونی ژیانیان. بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر هەنگاوی پێویست نەگیرێت، ژمارەی حاڵەتە نوێکانی شێرپەنجە تا ساڵی 2050 بۆ نزیکەی 35 ملیۆن حاڵەت لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە.
ڕاپۆرتی دۆخی جیهانی شێرپەنجە بۆ ساڵی 2026، کە بە هاوبەشی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و دەزگای نێودەوڵەتی توێژینەوە لە شێرپەنجە (IARC) ئامادە کراوە، هەڵسەنگاندنێکی فراوانی پێشکەش کردووە لەبارەی پابەندبوونی حکومەتەکان، بەرگری لە شێرپەنجە، بە تایبەتی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی تمباکۆ و بەرنامەکانی واکسینەوە، هەروەها وەبەرهێنان لە چارەسەری ئەم نەخۆشییە.
بەڵام لە هەمان کات، ڕاپۆرتەکە پیشان دەدات کە نایەکسانییەکان لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ڕێگریکردن، دۆزینەوەی پێشوەختە،، چارەسەر و چاودێری پاش چارەسەر هێشتا بەردەوامن و زیاتر دەبن، ئەمەش وای کردووە میلیۆنان کەس لە خزمەتگوزارییە پێویستەکان بێبەش بن.
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، لەو وڵاتانەی داهاتی بەرزیان هەیە. 87%ـی ژنانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک، تا پێنج ساڵ دوای دۆزینەوەی نەخۆشییەکەیان، لە ژیان بەردەوام دەبن. بەڵام لە وڵاتانی داهاتی نزم، ئەم ڕێژەیە تەنها 42%ـە. هەروەها، کەمتر لە یەک لەسەر سێی وڵات، خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە ناو بەرنامەی چاودێری تەندروستی گشتییاندا جێگیر کردووە. ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە بە بە بەراورد ئەو ڕێژە زۆرەی توشبووانی شێرپەنجە.

































































