نووسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
لە ڕوانگەی زانستی پزیشکییەوە، مەرجی بریندارکردنی پێست تەنها کردارێکی سادە و ساکار و میکانیکی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی وردی پزیشکییە کە بە ئامانجی چالاککردنی سیستەمی بەرگریی لەش، باشترکردن و چالاککردنی سووڕی خوێن و ڕێکخستنی کاردانەوەی هەوکردن ئەنجام دەدرێت. کاتێک ئەم کردارە زانستییە بە وردەکارییە تەکنیکییەکان و بەپێی ستانداردە پزیشکییەکان پیادە دەکرێت، دەبێتە کلیلێک بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی (Homeostasis) بۆ شانەکانی لەش و مسۆگەرکردنی چاکبوونەوەیەکی تەندروست، دوور لە هەر کێشەیەکی پزیشکی یان هەوکردنی ناتەندروست.
١_ میکانزمی فیسیۆلۆجیی کاردانەوەی لەش (Physiological Response)، کاتێک ڕووشاندنی پزیشکی بە قووڵاییەکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، زنجیرەیەک کاردانەوەی بایۆلۆجی لە لەشدا ڕوودەدات لەوانە :
أ _کاردانەوەی دەمارە-مێشکی (Neuro-Endocrine Response) بریندارکردنی پێست دەبێتە هۆی ناردنی پەیامی خێرا بۆ کۆئەندامی دەمار، کە مێشک هان دەدات بۆ دەردانی «ئەندۆرفین» (Endorphins) و «ئێنکێفالین» (Enkephalins). ئەم ماددانە وەک ئازارشکێنێکی سروشتی کار دەکەن و ئاستی وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئازار ڕێک دەخەن.
ب _ ڕێکخستنی کۆئەندامی بەرگری، بریندارکردن دەبێتە هۆی چالاککردنی هۆرمۆنی «کۆرتزۆڵ» لە زێی ئەدریناڵەوە (Adrenal Gland). ئەم هۆرمۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنەکاندا (Anti-inflammatory effect) هەیە و ڕێگە لە هەوکردنی ناتەندروست دەگرێت.
ت _ باشترکردن و چالاککردنی سووڕی خوێن، بەهۆی ئەنجامدانی بریندارکردن پەستانی ناوخۆیی (Intracapillary pressure) لە شوێنی مەبەستدا دەگۆڕێت، ئەمەش پرۆسەی پاککردنەوەی شانەکان لە پاشماوەی خانە مردووەکان و ماددە ژەهراوییەکان خێراتر دەکات.
٢_ پێوەرە تەکنیکییەکانی مەرجی زانستی بریندارکردن
بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوەتی لەگەڵ بنەما پزیشکییەکاندا بگونجێت، دەبێت ئەم پێوەرانە ڕەچاو بکرێن :
أ _ قووڵایی (Incision Depth): پێویستە قووڵایی برینەکە نیو ملیم یان لەنێوان ١ بۆ ٢ ملیمەتر بێت. ئەم قووڵاییە زامنی ئەوە دەکات کە تەنها خانەکانی سەرەوەی پێست (Epidermis) بریندار بن و زیان بە ڕیشاڵە دەمارییە قوڵەکان یان دەمارە خوێنییە گەورەکان نەگات.
ب_ وردبینی و یەکسانی (Precision)، وردی و یەکسانیی برینەکان (Uniformity) ڕێگە لە برینی ناپێویستی شانەکان دەگرێت و وادەکات پرۆسەی چاکبوونەوە (Healing Process) لە ماوەیەکی زۆر کەمدا و بەبێ جێهێشتنی پەڵە (Scarring) ئەنجام بدرێت.
ت_ پاکوخاوێنی (Sterilization)، پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵەکانی پاکوخاوێنی بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە تێکەڵبوونێکی بەکتریایی (Bacterial Contamination).
تێبینی: «مەرجی بریندارکردن» بەپێی ئەم بنەما زانستییانە، کەڵەشاخ لە کردارێکی تەقلیدییەوە دەگۆڕێت بۆ چارەسەرێکی زانستیی پزیشکی مۆدێرن، کە پشتی بە کاردانەوەی فیزیۆلۆجیی خودی لەش بەستووە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی و شیفا، کەڵەشاخ دەبێت کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ئەنجامی بدەن ئەگەرنا دەبێتە مەترسی و زیانگەیاندن بە تەندروستی نەخۆش و چارەخواز.

































































