هەژار شاکر تۆفیق
لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مەعریفە تووشی وەرچەرخانێکی ترسناک بووە. گەورەترین وێرانکارییە کە تەکنەلۆجیا بەسەر کایەی ڕۆشنبیری هێناویەتی، ئاسانکردنی (پێناسەکردنی ساختە)یە بۆ مرۆڤەکان. ئەمڕۆ لە بەردەم دیاردەیەکین کە دەکرێت ناوی بنێین (ڕۆشنبیری کۆپی پەیست)!
پرۆسەکە زۆر سادە و لە هەمان کاتدا کارەساتبارە،
کەسێک بێ ئەوەی یەک دێڕی لە ژیانیدا خوێندبێتەوە، بێ ئەوەی لە قووڵایی بابەتێک تێبگات، تەنها بە چەند کلیکێک پرسیار ئاڕاستەی زیرەکی دەستکرد (وەک جەیمینای یان هەر سیستمێکی تری هاوشێوە) دەکات. سیستمەکە بە چەند چرکەیەک وتارێکی داڕێژراو، فەلسەفی، یان زانستی پێشکەش دەکات. کارەساتەکە لێرەوە دەست پێدەکات، ئەم کەسە بابەتەکە کۆپی دەکات، وێنەیەکی سێڵفی یان پۆزێکی تایبەتی خۆی لە سۆسیال میدیا لەگەڵ دادەنێت و لە کۆتایدا بە شانازییەوە ناوی خۆی وەک (نووسەر) یان (خاوەن بیرۆکە) دەنووسێت!
بۆچی ئەمە کارەسات و زوڵمێکی گەورەیە؟
کوشتنی داهێنانی ڕاستەقینەیە، ئەمە زوڵمێکی بێبەزەییانەیە لەو نووسەر و بیرمەندانەی کە تەمەنێک لەناو کتێب و توێژینەوەدا بەڕێ دەکەن، شەونخونی دەکەن و خوێنی دل دەکەنە مەرەکەب بۆ ئەوەی دێڕێک بنووسن. کاتێک خەڵک دەبینن خاوەن وشە ڕاستەقینەکان پەراوێز خراون و خاوەن کۆپی پەیستەکان بڕوانامەی داهێنان لە سۆسیال میدیا وەردەگرن، دادپەروەری مەعریفی نامێنێت.
ئەم جۆرە کەسانە بێ ئەوەی یەک وشە هی خۆیان بێت، دەبنە مەرجەع لە بابەتگەلێکدا کە هیچ باکگراوندێکی زانستیان تێدا نیە. ئەگەر سبەی لە دەرەوەی هێڵی ئینتەرنێت و لە مێزگردێکی ڕاستەقینەدا دایان بنێیت، ناتوانن دوو ڕستەی مانا بەخش پێکەوە ببەستن.
بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تواناکان کارێکی نایابە، بەڵام بەکارهێنانی وەک (نووسەری سێبەر) بۆ فریودانی کۆمەڵگە، نەنگی و شەرمەزارییەکی ئەخلاقییە. ئەوە دزینی شوناسە، کەسێک دەیەوێت بە جلوبەرگی کەسێکی ترەوە پۆز دەرکات.
لە کۆتایی دەڵێم:
نووسین تەنها ڕیزکردنی وشە نیە، نووسین ڕەنگدانەوەی ڕۆح، ئەزموون، ئازار و بیرکردنەوەی قووڵی مرۆڤە. زیرەکی دەستکرد دەتوانێت زانیاریت پێبدات، بەڵام ناتوانێت (سۆز، ئەزموون، و قووڵایی مرۆیی)ت پێببەخشێت.
ئەوانەی وێنەی ڕازاوەی خۆیان لەگەڵ وشە دزراوەکاندا بڵاودەکەنەوە و ناوی خۆیانی لێ دەنێن، پێویستە بزانن کە ماسکی سۆسیال میدیا چەندە گەورەش بێت، ناتوانێت ڕووتێتی مەعریفیان بشارێتەوە. با ڕێز لە عەقڵ و قەڵەمی ڕاستەقینە بگرین و ڕێگە نەدەین سۆسیال میدیا ببێتە شانۆی پێشاندانی شوناسە ساختەکان.

































































