ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
کورتەفیلمی “یەک نیگا” لە دەرهێنانی شەماڵ حوسێن، دوای تەواوبوونی بەرهەمهێنان، بۆ بەشداری لە ژمارەیەک فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی نێردراوە. ئەم فیلمە بە تیشکخستنە سەر بەها مرۆییەکان و گرنگی سوپاسگوزاری بۆ تەندروستی، پەیامێکی مرۆیی دەگەیەنێت.
شەماڵ حوسێن، دەرهێنەری فیلمەکە، ڕۆژی دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026 بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “یەک نیگا” ماوەی یەک خولەک و 49 چرکەی هەیە و باس لە بابەتێکی مرۆیی دەکات کە گرنگی سوپاسگوزاری بۆ نیعمەتەکانی خودا، بە تایبەتی تەندروستی، دەخاتە ڕوو؛ ئەو نیعمەتەی کە زۆرجار مرۆڤ بە ئاسانی لێی تێدەپەڕێت و بەهای ڕاستەقینەی نازانێت. بەپێی وتەی دەرهێنەرەکە، چیرۆکی فیلمەکە ژیانی دوو کەسی جیاواز بەراورد دەکات؛ یەکێکیان تووشی ئیفلیجی مێشک بووە و تەنها لە یەک گۆشەوە جیهان دەبینێت، لە کاتێکدا کە لە بەرامبەردا کەسێکی تەندروست بە ئازادی ژیان دەگوزەرێنێت، بەڵام بە تەواوی هەست بە بەهای ئەو نیعمەتانەی بەدەستیەتی، ناکات.
فیلمەکە لە ڕێگەی ئەم بەراوردەوە بینەر هان دەدات لەسەر بەهای تەندروستی بیر بکاتەوە. شەماڵ حوسێن ئاماژەی دا کە فیلمەکە بۆ ژمارەیەک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، هەروەها چەند فێستیڤاڵێکی ناسراوی عەرەبی نێردراوە و ئێستا چاوەڕوانی دەستپێکردنی پێشبڕکێکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانن.
شەماڵ حوسێن یەکێکە لە دەرهێنەر و فیلمسازە کوردەکان کە زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونی لە بواری تەلەفزیۆن و سینەما هەیە. لە ماوەی چاڵاکییە هونەرییەکانییدا چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و کورتی بەرهەمهێناوە و هەمیشە گرنگی بە گواستنەوەی چیرۆکە مرۆییەکان بە زمانی سینەما داوە.

































































