
ئامادەكرنی : تەحسین كەریم نزاری
چۆن لەكاتی هێرشی درۆن و پاشماوەی دژە درۆنەكاندا گیانی خۆمان دەپارێزن ؟
جەنگە مۆدێرنەكاندا، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) بووەتە یەكێك لە باوترین و مەترسیدارترین چەكەكان. لێدانی ئەم چەكانە كتوپڕە، بەڵام مەترسییەكە تەنها لە خودی درۆنەكەوە نییە، بەڵكو كاتێك سیستەمەكانی بەرگری ئاسمانیش درۆنێك لە ئاسماندا دەتەقێننەوە، پاشماوەكەی و ساجمەی مووشەكی بەرگرییەكە وەك بارانێكی كوشندە بەسەر زەویدا دەبارێن پەیڕەوكردنی چەند ڕێسایەكی زانستی لەلایەن هاووڵاتیانی مەدەنییەوە، جیاوازی نێوان ژیان و مردن دیاری دەكات. لێرەدا گرنگترین ڕێكارەكانی خۆپاراستن لە درۆن و بارانی ساجمەی دژە درۆنەكان دەخەینە ڕوو:
١. یاسای زێڕینی دوو دیوارەكە :
ئەگەر لە چركەساتی هێرشەكەدا لە ناو ماڵ یان باڵەخانەدا بوویت، پێویستە ڕاستەوخۆ بچیتە قووڵایی بیناكە (وەك ڕێڕەو، حەمام، یان ژێرپەیژە). سیستەمی بەرگری شارستانی جیهانی جەخت لەسەر «یاسای دوو دیوار» دەكاتەوە؛ دیواری یەكەم هێزی لێدانی تەقینەوەكە یان ساجمە فڕیوەكان دەگرێت، و دیواری دووەم وەك قالغانێك تۆ لە پارچە كۆنكرێت و ئاسنە قڵپبووەكان دەپارێزێت.
٢. نهۆمە مەترسیدارەكان و تەڵەی شووشە :
دووركەوتنەوە لە نهۆمی سەرەوە: بەهۆی ئەوەی درۆن و پاشماوە تەقیوەكانی دژە درۆن لە سەرەوە بەرەو خوارەوە دێن، سەربان و نهۆمەكانی سەرەوە مەترسیدارترین شوێنن. هەمیشە پەنا ببە بەر نهۆمی زەمینی یان ژێرزەمینێك كە دەرچەی فریاكەوتنی هەبێت.
پەنجەرەكان نەیاری تۆن: لە كاتی بیستنی دەنگی درۆن یان تەقینەوەی بەرگری ئاسمانی، هەرگیز لە پەنجەرە و دەرگای شووشە نزیك مەبەرەوە؛ چونكە شەپۆلی تەقینەوەكە شووشەكان دەشكێنت ودەگۆڕێت بۆ هەزاران چەقۆی فڕیو كە دەبنە هۆی برینداری كوشندە.
٣. خۆپاراستن لە بارانی ساجمەیی دژە درۆنەكان :
كاتێك دژە درۆن كڵاوەی جەنگیی درۆنەكە لە ئاسماندا دەتەقێنێتەوە، هەزاران ساجمەی كانزایی بە خێرایی كێشكردنی زەوی دێنە خوارەوە.
تەنها حەشارگەی كۆنكرێتی: ڕاستەوخۆ بچۆ ژێر سەقفێكی كۆنكرێتی بەهێز. هەرگیز لەژێر سەقفی چەینكۆ (تەختە، تەنەكە، یان سەقفی عازل) مەوەستە، چونكە ساجمە قورسەكان بە ئاسانی ئەم جۆرە سەقفانە دەبڕن.
حەوشە و باڵكۆن: زۆرجار خەڵك كاتێك دەنگی تەقینەوەی بەرگری ئاسمانی دەبیستن، لە حەوشە یان باڵكۆنەوە سەیری ئاسمان دەكەن؛ ئەمە كوشندەترین هەڵەیە، چونكە یەكەم جێگە كە ساجمەكان لێی دەدەن، شوێنە كراوەكانە .
٤. مانەوە لە دەرەوە؛ چۆن زەوی بكەیتە هاوڕێت :
ئەگەر هێرشەكە یان تەقینەوەی ئاسمانییەكە لە شەقام یان شوێنی كراوەدا ڕوویدا و هیچ حەشارگەیەكی كۆنكرێتی نەبوو، چركەیەكیش كات بەفیڕۆ مەدە.
ئۆتۆمبێل حەشارگە نییە: ڕاستەوخۆ لە ئۆتۆمبێلەكەت دابەزە؛ چونكە ئۆتۆمبێل خێرا ئاگر دەگرێت و پارچە ساجمەكان بە ئاسانی دەیكەنە بێژینگ. وا باشە بە زووترین كات بچۆ ناو نزیكترین بینای گەر بینا لەنزیكت نەبوو ئەوا
باوەش بە زەویدا بكە: لەسەر سك پاڵكەوە لە شوێنێكی نزمدا (وەك جۆگە یان پشت دیواری بەهێز). جانتاكەت، چاكەتەكەت یان دەستەكانت بخەرە سەر پشتەسەرت و ملت بۆ پاراستنیان لە ساجمەكان. دەمت كەمێك كەرەوە؛ ئەم كارە پەستانی شەپۆلی تەقینەوەكە لەسەر پەردەی گوێچكەت و سییەكانت كەم دەكاتەوە.
٥. تەڵەی پاشماوەكان و كاتی چاوەڕوانی :
پەلە مەكە لە چوونە دەرەوە: دوای بیستنی دوا تەقینەوەی دژە درۆن، لانی كەم ٥ بۆ ١٠ خولەك لە شوێنی خۆت بمێنەرەوە؛ چونكە پارچە ساجمەكان لە بەرزایییەكی زۆرەوە دێنە خوارەوە و كاتیان دەوێت تا دەگەنە سەر زەوی.
هاولاتی بەڕیز جەنابت نە هەندسەی سەربازی و نە كارمەندی ئاسایشی كە بچیە شوێنی كەوتنی درۆن و پاشماوەكانی بۆیە دەست لە پاشماوەكان مەدە ئەگەر لاشەیەكی درۆنێكی كەوتووت بینی، هەرگیز لێی نزیك مەبەرەوە. هەندێك درۆن سیستەمی تەقینەوەی تەئخیر یان تەوقیتی تێدایە یانیش بەهۆی دەست لێدانەوە دەتەقنەوە. و هەروەها هەندێ مادەی ژەهراوی پێوەیە كە زیانی بۆ پێست و سییەكان هەیە.
لەم جۆرە حالەتانە هێمن مانەوە و جێبەجێكردنی ئەم ڕێسایانە، تاكە چەكی تۆیە وەك هاووڵاتییەكی مەدەنی بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆت و خێزانت.

































































