ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عەرەبی سووریا، لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەیان بە توندی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان ناویان برد.
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی کۆماری عێراقە و دژ بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دەچێت. وەزارەتەکە ئاماژەی دا کە ئەم جۆرە کردارە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. لە هەمان کاتدا، فەڵەستین هاوسۆزی خۆی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریاش لە بەیاننامەیەکی جیاوازدا، هێرشە دووبارەبووەکانی ئێرانی بۆ سەر کوەیت، عومان، بەحرەین، ئوردن و هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنە کرد. بە پێی بەیاننامەکە، ئێران لەم هێرشانەدا درۆن و مووشەکی بەکارهێناوە، ئەوەش بە دەستدرێژییەک دژ بە سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە وەسف کراوە.
سووریا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بانگەوازی کردووە بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان و هەنگاونان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ئاڵۆزی و تێکچوونی دۆخی ناوچەکە.

































































