ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
لە هەنگاوێکی دیکەدا بۆ پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و فراوانکردنی بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکان، کۆمپانیای «زەنگەنان» لە شارۆچکەی بەردەڕەش، سێ هەزار تۆن پیازی بەرهەمهاتووی کوردستان هەناردەی وڵاتی تورکیا دەکات.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، ڕاگەیاند، “هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ جوتیارانی کوردستان.” بە گوێرەی وتەکانی ئەو، ئەمڕۆ کۆمپانیای «زەنگەنان» سێ هەزار تۆن پیازی بەردەڕەش بۆ تورکیا دەنێرێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ پشتیوانیی جوتیاران، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ناساندنی کوالێتیی بەرزی بەرهەمەکانی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان.
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەش دا، “کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بڕی هەناردەی پیازی کوردستان بۆ تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە زیاد بکرێت.” کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی تایبەتی بە فرەچەشنکردنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان داوە، بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان بە نرخێکی گونجاو بفرۆشن. پارێزگای دهۆک، بە تایبەتی شارۆچکەی بەردەڕەش، بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت و ساڵانە هەزاران تۆن پیاز، پەتاتە و گەنم تێیدا بەرهەم دەهێنرێت. هاوکات پێشتریش هەرێمی کوردستان توانیویەتی چەندین بەرهەمی ناوخۆیی وەک هەنار، سێو، هەنگوین و پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو و چەند بازاڕێکی دیکە هەناردە بکات.

































































