کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
لە سەردەمێکی وەک ئەمڕۆدا بەهۆی جەنجاڵی ژیان فشاری دەروونی و کەمخەوی بوونەتە دوو کێشەی گەورە کە ڕاستەوخۆ وزە، تەرکیز و کارامەیی ڕۆژانەی مرۆڤ لاواز دەکەن.
ئەنجامدانی کەڵەشاخ بەشێوازێکی زانستی و تەندروستیەوە، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر هاوسەنگکردنی دەمارەکان و هۆرمۆنەکانی جەستە. کەڵەشاخ لە ڕێگەی هاندانی سیستەمی دەماری و ڕێکخستنی گەیەنەرە کیمیاییەکانی مێشک، وەک کلیلی گەڕانەوەی ئارامی و ڕێکخستنەوەی کاتژمێری بایۆلۆژیی مرۆڤ کاردەکات بۆ ئەوەی تاک بتوانێت وزە و تەرکیزی ڕۆژانەی خۆی بەهێز بکاتەوە.
١_ چالاککردنی سیستەمی دەماری پاراسیمپاساوی
(Parasympathetic Nervous System)
جەستەی مرۆڤ لە کاتی دڵەڕاوکێ و فشاردا، لەژێر کۆنترۆڵی سیستەمی دەماری “سیمپاساوی”دایە؛ واتە ئەو سیستەمەی کە جەستە دەخاتە دۆخی ئامادەباشی، شڵەژان و بەرگری کتوپڕ لە کاتی مەترسیدا، ئەنجامدانی کەڵەشاخ وەک هاندەرێکی بەهێزە بۆ دەمارە کۆتاییەکانی سەر پێست کاردەکات، ئەمەش سیستەمی دەماری پێچەوانە (پاراسیمپاساوی) چالاک دەکات کە بەرپرسە لە :
هێورکردنەوەی لێدانی دڵ.
کەمکردنەوەی گرژیی ماسولکەکان.
ناردنی سیگناڵی ئارامی بۆ مێشک، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات
بۆ خەوێکی قووڵ.
٢_ تیۆری دەردانی ئەندۆرفین و دژە ئازارە سروشتییەکان (Endorphin Release) کەڵەشاخ لەرێگەی دروستکردنی فشارێکی کۆنترۆڵکراو لەسەر پێست (مژینی کوپ و بریندارکردنی ڕووکەشی پێست)، مێشک هان دەدات بۆ دەردانی ئەندۆرفین (Endorphins) و ئێنکیفالین. ئەمانە هۆرمۆن و گەیەنەرە دەمارییەکانن کە وەک دژە ئازاری سروشتی جەستە کاردەکات. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەندۆرفین لە خوێندا هاوشێوەی ماددەی ئارامکەرەوە کاردەکات و هەستی دڵەڕاوکێ و بێزاری بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
٣_ کەمکردنەوەی هۆرمۆنی دڵەڕاوکێ (Cortisol)
توێژینەوەیەکی زانستی کراوە و ئاماژە بەوە دەکات کە پشکنینی خوێن دوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ، دابەزینێکی ڕوون لە ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ(Cortisol) نیشان دەدات، کە بە هۆرمۆنی سەرەکیی فشار دڵەڕاوکێ دەناسرێت. کەمبوونەوەی کۆرتیزۆڵ ڕێگرە لە تێکچوونی خەو و خەبەربوونەوەی لەناکاو.

































































