زاری کرمانجی
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی 51ـی گوندی دەڤەری بارزان، ڕایگەیاند:” ئامانجمان پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە. پێویستە هەموو هەڕەشە و ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێبێت و چارەسەری کێشەکان تەنها بە گفتوگۆ و یاسا بکرێت.
لەبارەی پەیوەندی نێوان، هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند:” پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت باشتر بێت، بە تایبەتی لەگەڵ حکومەتی نوێی بەغدا. هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی لە سەرۆک وەزیران دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستور، چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی پەیوەندییەکان.
مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین دەستور بە تەواوی جێبەجێ بکات و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی کورد وەک هەموو هاووڵاتیانی عێراق دابین بکرێت، بەبێ جیاکاری.
گووتیشی:” هیوادارین بارودۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر ببێت و هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیریدا بێت”.

































































