ئەیاد عەلاوی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و بە پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەڕەشە بۆ ئاسایشی هاووڵاتییانی وەسف دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
عەلاوی روونی کردەوە، ئەم جۆرە کارانە پێشێلکارییەکی گەورە و مەترسیدارن بەرانبەر سەروەریی خاکی عێراق، هاوکات هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی تەواوی وڵات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامبوونی ئەم دەستدرێژییانە، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە پێویستە هەموو هەوڵە نیشتمانییەکان یەکبخرێن. ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەروەریی عێراق و ئاسایشی گەلەکەی و بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک بیەوێت ئاسایش و سەقامگیریی هەر ناوچەیەکی وڵات تێکبدات.
ئەیاد عەلاوی، یەکەم سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و سەرۆکی ئێستای هاوپەیمانیی نیشتمانییە.
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هەولێری پایتەخت و ناوچە جیاجاکانی هەرێمی کوردستان چەندان جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بوونەتەوە.

































































