ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا و داخستنی گەرووی هورمز، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهان دروست کردووە و ئەگەر چارەسەرێکی خێرا نەدۆزرێتەوە، زیاتر لە 45 ملیۆن کەسی دیکە دەکەونە ناو بازنەی برسێتی.
ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێکە کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی گرتووەتە دەست. ئەم هەنگاوە، کە وەک وەڵامێک بۆ جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی داناوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا جووتیاران خەریکی کۆتایی وەرزی چاندنن و پێویستییان بە پەین و کەرەستە کشتوکاڵییەکان هەیە.
خۆرخی مۆریرا دا سیلڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی پرۆژەی خزمەتگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOPS)، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس: “وتی تەنها چەند هەفتەیەک ماوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە قەیرانێکی مرۆیی جیهانی بگیرێت، و ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، برسێتی هەڕەشە لە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی جیهان دەکات”.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئاداردا تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە ڕێگە بدات پەین و ماددە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ، وەک ئەمۆنیا، گۆگرد و یوریا، بە ئاسانی لە گەرووی هورمز تێپەڕبن. دا سیلڤا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵات کۆبووەتەوە بۆ وەرگرتنی پشتگیری بۆ ئەم پلانە. بەڵام هێشتا ئەمریکا، ئێران و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو، کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی پەینن، ڕەزامەندیی تەواویان نیشان نەداوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجی درێژخایەن گەیشتنە بە
ڕێککەوتنێک بۆ پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و دابینکردنی ئاشتییەکی بەردەوام، بەڵام کات زۆر گرنگە، چونکە وەرزی چاندن لە چەندین وڵاتی ئەفریقا وا بە کۆتاییەکەی دەگات. لە کاتێکدا زۆربەی سەرنجەکان لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەکخستنی بازرگانیی نەوت و گازە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەم قەیرانە دەتوانێت زیانێکی گەورەتر لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی دابنێت، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا کە زیاترین پێویستییان بە هاوردەی کەرەستە کشتوکاڵییەکان هەیە.

































































