ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
کورتەفیلمی “بەلەمە کاغەزییەکەم”، بە سیناریۆ و دەرهێنانی هۆزان شێرزاد، لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی ئازادانە لە بەریتانیا سەرکەوتوو بوو و خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکان (Best Visual Effects)ـی بەدەستهێنا.
هۆزان شێرزاد ڕاگەیاند کە وێنەگرتنی فیلمەکە لە سەرەتای ساڵی 2025 دەستی پێکردووە. بە گوتەی ئەو، ئەم کورتەفیلمە پێشتر لە ژمارەیەک فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوانە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لاوانی عێراق.
ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە دروستکردنی فیلمەکە ئەنجامی هاوکاریی تیمێکی هونەری و تەکنیکی بووە. بەپێی وتەی شێرزاد، چالاک لەتیف و عەلی نەوزاد بەرپرسی دروستکردنی بەلەمەکە بوون؛ بەلەمێک کە ڕۆڵێکی گرنگی لە چیرۆکی فیلمەکەدا هەبوو. دروستکردنی ئەو بەلەمە چوار ڕۆژی خایاند و دواتریش چەندین ڕۆژی دیکە بۆ ئامادەکردنی دیکۆر و پێداویستییەکانی تری فیلم تەرخان کرا.
لەبارەی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییەش، هۆزان شێرزاد گوتی “لەو فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 60 فیلم لە وڵاتانی جیاوازی جیهان بەشدارییان کردبوو. دوای هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان، کورتەفیلمی “بەلەمە کاغەزییەکەم” خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکانی بەدەستهێنا، کە بە گوتەی ئەو، ئەو سەرکەوتنە ئەنجامی ماندووبوون، داهێنان و هاوکاریی تیمی کارەکە بووە.
شێرزاد لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خەڵاتە تەنها دەستکەوتێکی کەسی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە سینەمای کوردی دەتوانێت بە بەرهەمی کوالێتی و کارکردنی پیشەیی، لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی خۆی بکاتەوە و سەرنجی داوەران ڕابکێشێت.


































































