“هەندێك حیزبی نێوخۆیی هەوڵ دەدەن پێگەی هەرێم لاواز بكەن”
زاری كرمانجی – سۆران:
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، داهاتی سلێمانی تەنها بۆ گیرفانی چەند كەسێكە و ناگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەت، پێیانوایە ئەو شارە بە جۆرێك وێران بووە، هەتا دەستیان بۆ ئەو داهاتە بردووە كە حكوومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەنێرێت. دەشڵێن: “هەندێك حیزبی نێوخۆیی هەوڵ دەدەن پێگەی هەرێم لاواز بكەن، بۆ نەمانی كێشەكان و بەهێزبوونی پێگەی هەرێم پێویستە پارتی و یەكێتی بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.
ئازاد سرێشمەی، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە كێشەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە زاری كرمانجی گوت: حكوومەتی هەرێم كاتی خۆی كە دامەزرا 50 بە 50 بوو، دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنانە و گۆڕانكاریانەی بەسەر دەنگەكان و كورسیەكاندا هاتووە، یەكێتی بە هەمان بیركردنەوە پێیانوایە دەبێ نیوەی دەستەڵاتەكان و كوردستان و حكوومەت لە ژێر دەستەڵاتی ئەو بێت، كاتێك هەموومان بانگەشەی دیموكراسی و هەڵبژاردن دەكەین ئەگەر دەنگ و كورسی پێوەر نەبن كەواتە چۆن ناوی لێ بنێین دیموكراسی، هەر وەك جارێك مەلا بەختیار، گوتی” ئەگەر یەك كورسیش بێنین ئێمە دەبێ نیوەی كوردستانمان لەژێر دەست بێت، بەراستی ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە و لە هەمان كاتدا دەیانەوێت داهاتی كوردستان نیوەی بۆ ئەوان و نیوەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، ماوەیەك بانگەشەی مەركزیشیان كرد و گووتیان داهاتی ئێمە زۆرترە لە داهاتی زۆنی زەرد، بۆیە داوای مەركەزی دەكەین داهاتەكەمان بۆ خۆمان بێت و خەرجی دەكەین، بەڵام وا دەرنەچوو و شكستیان هێنا، ئێستا ئەوەی لەوێ هەیە كۆناكرێتەوە و نادرێتە حكوومەت دەیانەوێت ئەوەی لەولایە هەیە ببێتە نیوە و خزمەتگوزارییەكانی خۆیان پێ بكەن، ئێستاش بەدوای بەهانەدا دەگەڕێن و دەیانەوێ هەموو شتێك بە نیوە بێت، بەڵام ئەمە ناكرێت لەبەر ئەوەی حزبەكانی دیكە، خاوەن كورسی و حكوومەتن.
ئەوەشی خستەڕوو: راستە تا ئێستا هێز و دەستەڵات و داهات لە بن دەستی ئەوان دایە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە یەكێتی لە هەمووی باڵا دەست بێت، چونكە حزبەكانی دیكەش لەوێ هەن، ئەو هەموو بەهانانەی كە دەگرن بەڕای من لە جێی خۆی نییە، باشترین رێگە چارە ئەوەیە كە لەگەڵ پارتی بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن، ناكرێت حیزبێكی وەكو یەكێتی لە راگەیاندنەكان لێدوانی بدات و باسی حكوومەت بكات، ئیش و كاری ئەم هەموو وەزیرانە چی بووە كە خۆیان وەك دەستەڵاتدار نیشان دەدەن و ئەگەر دەستەڵاتییان نەبووە بۆچی لە حكوومەتن، هەموو ئەوانە پەیوەستن بە بەهانەكانی یەكێتی و كە تەنها بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت ئەگەرنا ئەو حیزبە دواڕۆژێكی باشی نابێت.
ئازاد سرێشمەی، چاودێری سیاسی، جەختی لەوەشكردەوە:” ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تەنها پەیوەست نییە بە حزبێكەوە، نابێت كەسێك بە ئارەزووی خۆی لە هەر شوێنێك بیەوێت كاری تیرۆرستی ئەنجام بدات و خەڵك بكوژێت و بكوژیش لای خۆی داڵدە بدات و رادەستی یاسا نەكات، لە كاتێكدا ئەوان قسەی بن زمان و سەری زمانیان ئەوەیە دەبێ یاسا سەروەر بێت، ئەگەر وایە چۆن كەسێك لە هەولێر یەكێك بكوژێت و بكوژەكە بگەڕێتەوە ئەولاو كەسیش باسی نەكات، ئەگەر وایە یاسا دەبێ لە هەموو شوێنێك سەروەر بێت.
سالار ئەحمەد، چاودێری سیاسی، بۆ زاری كرمانجی روونیكردەوە:” یاسا دەبێت بۆ هەمووان وەكو یەك بێت، نابێت كەسانێك تۆمەتبار بن بە كوشتنی خەڵكێك و حزبێكی سیاسییش داڵدەی تۆمەتباران بدات و رێگە نەدات دامودەزگاكانی حكوومەت كاری خۆیان بكەن و تۆمەتباران راپێچی دادگا بكەن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: سلێمانی بە جۆرێك وێران بووە، تەنانەت ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بەنزینی تێدا نەماوە و هەموو داهاتی ئەو شارەیان بردووە، هەتا دەستیان بۆ ئەو داهاتە بردووە كە حكوومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەنێرێت، لە خزمەت دژە تیرۆری سلێمانی خەرج دەكەن، ئەوانیش دێن خەڵك تیرۆر دەكەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان هەموو ئامانجیان ئەوەیە گیرفانەكانی خۆیان پڕ بكەن، ئەگەر ئەو ئامانجە لەسەر حیسابی برسی كردن یان رفاندن و كوشتنی خەڵكیش بێت بەلایانەوە گرنگ نییە”.
فەتحی شێروانی، مامۆستای زانكۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی كۆمەڵگە، بابەتێكە گرنگییەكی زۆری هەیە و بە یەكێك لە ئەركە هەرە گرنگەكانی دەوڵەت و یەكێك لە ئامانجەكانی یاساكان لەتەك بەرقەرار كردنی دادپەروەری دادەنرێت، ئاسایش ئەوەندە گرنگە كە هەندێك یاساناس پێیان وایە گرنگترە لە بەرقەرار كردنی دادپەروەری.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دەشڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە شوێن پەنجەی دیارە و شانازی بە دابینكردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەت دەكات، چونكە لە هەموو دەوڵەتاندا ئەگەر پایتەخت ئارام بوو و ئاسایشی تێدا بەرپا بوو، واتای ئەوەیە ئاسایش و ئارامی هەیە و پێگەی هەرێم بەهێز دەكات”.
فەتحی شێروانی، گوتیشی: هەندێك تاقمی نێوخۆیی هەوڵی ئەوە دەدەن ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت تێك بدەن و پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، بەڵام هەر چییەك بكەن ئەو بابەتە بە لای سەرۆكی حكومەت هێلی سوورە و لە هیچ كەس و تاقم و لایەنێك قبوڵناكرێت دەست بۆ ئەم بابەتە ببات و چاوپۆشی لە تیرۆر و گەندەڵی و مافیاگەرایی هیچ كەس و لایەنێك ناكرێ لە هەر پلە و پۆست و پێگەیەكی حكوومی یان حیزبیدا بێت و هەر لایەنێكی ناوخۆیی یان دەرەكی لە پشت بێت”.