میدیایەکی بەناوبانگی ئەمریکی بڵاویکردەوە: ”دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئەنجام داوە و تاوتوێی هێرش و بۆردمانی فراوان بۆ سەر ئێران كراوە.
پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری سێ سەرچاوەی ناو ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ئەمریكا گواستوویەتییەوە و گوتوویانە، هەریەك لە جەی دی ڤانس و ماركۆ رۆبیۆ و پیت هێگسەس و ستیڤ ویتكۆف و سوپاسالاری هاوبەشی هێزەكان و بەڕێوەبەری دەزگەی ناوەندی هەواڵگری ئەمریكا، لە كۆبوونەوەكە بەشدارییان كردووە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیش ئەو سەرچاوانە ئەوەیان خستووەتە ڕوو، پلانی نوێ تاوتوێ دەكرا بۆ وەشاندنی بۆردوومانی گەورەتر و وێرانكەر لە ئامانجە ستراتیجییەكانی ئێران و لە گەرووی هورمز، تا بە تەواوی ئێران پەكی بكەوێت و خۆی ڕادەست بكات.
بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ فۆكس نیوزدا دووپاتی كردەوە، هێرش و بۆردوومانەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران فراوان دەبن و وێستگە و ناوەندەكانی وزە و پردەكان لە ئێران بە تەواوی وێران دەكەن.

































































